مەراسیمی ناشتنی تەرمی ئارمیتا لە ژێر چاودێری توندی هێزە ئەمنییەکاندا بەڕێوەچوو
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٩ی تشرینی یەکەم، رێ و رەسمی ناشتنی ئارمیتا گەڕاوەند، بە ئامادەبوونی ئەندامانی بنەماڵە و ژمارەیەکی زۆری خەڵک لە بەهەشتی زەهرای تاران بەڕێوەچوو.
بە پێی ئەو ڕاپۆرتانەی بڵاو کراونەتەوە، رێ و رەسمەکە لە ژێر چاودێری توندی هێزە ئەمنییەکاندا بەڕێوەچووەو ژمارەیەک لە بەشداربووان دەستگیرکراون.
بە پێی ئەو گرتە ڤیدیۆیانەی لەم رێ و رەسمە بڵاو کراونەتەوە، ژمارەیەک لە ئامادەبووان دروشم دەڵێنەوە و لە دروشمەکاندا ناڕەزایەتی خۆیان دژ بە حکوومەت دەرئەبڕن.
بە پێی راپۆرتی کەناڵی ئەنجومەنی هاوکاری رێکخراوە پیشەیی- کەلتوورییەکانی ئێران، ژمارەیەکی زۆر لە هێزە ئەمنییەکان لە شوێنی رێ و رەسمەکە ئامادە بوون.
هاوکات ژمارەیەک لە ئامادەبووان لەوانە، محەممەد گەڕاوەند، یەکێک لە خزمانی ئارمتیا کە مامۆستایەکی دەرکراوە، دەستبەسەر کراوە.
هاوکات بە پێی زانیارییەکان نەسرین ستوودە، چالاکی دیاری مافی مرۆڤ، لە شوێنی رێ و رەسمەکان دەستبەسەر کراوە. زانیارییەکان باس لەوە ئەکەن توندووتیژی بەرامبەر بە بەشداربوان کراوەو هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتاوەتە سەر ژمارەیەک لە بەشداربوان.
گەڕاوند لە وێستگەیەكی میترۆی تاراندا دوای ئەوەی دەچێتە ناو میترۆكەوە بێهۆش دەبێت و دەكەوێت، گوایە كاتێك چووەتە ناو میترۆكەوە لەگەڵ ئەفسەرانی باڵاپۆشی ئێراندا بووەتە دەماقەڵەیان لەسەر ئەوەی ئارمیتا باڵاپۆش نەبووە دواتر دەبرێتە نەخۆشخانەو لە لایەن دکتۆرەکانەوە مردنی مێشکی ڕادەگەیەنن و دواتر گیان لەدەستدەدات، لەم پەیوەندەدا حکومەتی ئێران ڕەتیکردەوە ئارمیتا بەهۆی دەمەقاڵێی لەگەڵ پۆلیسی ئەخلاق لە میترۆی تاران وایلێهاتبێت و دەڵێن کە خۆی نەخۆشبووە بەڵام خێزانی ئارمیتا ئەم هەواڵانە ڕەتدەکەنەوەو دەڵێن ئارمیتای کچیان کەسێکی وەرزشی و چالاک و تەندروست بووە و نەخۆش نەبووە.
سەرەتا هەواڵەكە لەلایەن ڕێكخراوی مافەكانی مرۆڤی هەنگاوەوە بڵاوكرایەوە كە بنكەكەی لە نەرویجە و چاودێری مافەكانی مرۆڤی ئێران دەكات، ئەندامانی خێزانەكەی ئارمیتا گەڕاوەندی تەمەن 17 ساڵ وتیان بەرپرسان ڕێگەیان نەداوە لاشەی كچەكەیان بگوازنەوە بۆ شارەكەی خۆیان بۆ كرماشان و لەوێ بینێژن.
هاوشێوەی زۆرێك لە شارە گەورەكانی دیكەی ئێران، ساڵی ڕابردوو خۆپیشاندانێكی گەورەی دژ بە حكومەت لە كرماشان بەڕێوەچوو، ئەوەش دوای مەرگی ژینا ئەمینی تەمەن 22 ساڵ لە ژێر دەستی پۆلیسی ئاكاری ئێراندا. مەرگی گەڕاوەند دوای نزیكەی ساڵێك دێت لە خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەكەی ئێران دژی حكومەت و یاسای باڵاپۆشی.
هەواڵەكان لەسەر بوونی ئاسایشێكی توند لە پرسەكەی گەڕاوەنددا ئاماژەیە لەسەر ئەوەی تاران نیگەرانی ئەوەیە شەپۆلێكی دیكەی خۆپیشاندان بەڕێوەبچێت.
