سەرەڕای قەدەغەکردنی خواردنەوە کحولییەکان لە عێراق بەڵام ئازادانە لە بازاڕەکاندا دەفرۆشرێت

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
خواردنەوە کحولییەکان بەبڕیار لە عێراق قەدەغەکراوە، بەڵام هێشتا ئازادانە لە بازاڕەکاندا دەفرۆشرێت بەهۆی ئەوەی هیچ لایەنێکی فەرمی داوای داخستنی فرۆشگاکانی نەکردووە.
وەزارەتی دادی عێراق لە مانگی شوباتدا بە فەرمی قەدەغەکردنی هاوردەکردن و خواردنەوە وفرۆشتنی خواردنەوە کحولییەکانی راگەیاند و ئەمەش لە ڕۆژنامەی فەرمی عێراقدا بڵاوکرایەوە، بەهۆیەوە ناڕەزایی زۆرێک لە عێراقیەکانی لێکەوتەوە، بەتایبەت کریستیان و یەزیدیەکان.
هەرچەندە ئەو بڕیارە تانەی لێدرا بەڵام لە کۆتایی مانگی ئابی ئەمساڵ، دادگای فیدڕاڵی عێراق سەرجەم سکاڵاکانی رەتکردەوە و بە تەواوى دەرگای لەبەردەم هاردەکردنى خواردنەوە کحولییەکان داخست.
ئەحمەد وەسام کە خاوەنی فرۆشگایەکی خواردنەوە کحولیەکانە لە بەغدادی پایتەختی عێراق، لەبارەی فرۆشتن و بازرگانیکردنی خواردنەوە کحولیەکانەوە بە هاوڵاتی وت، "راستە بە بڕیار دەرچووە، بەڵام هێشتا ئێمە هیچ لایەنێک بە فەرمی داوای قەدەغەکردنی لێنەکردووین."
پیشتر ساڵانە زیاتر لە دوو ملیۆن و 223 هەزار لیتر خواردنەوەى کحولى هاوردەکراوە و ئێستا فرۆشیاران ناچارن بە رێگەى قاچاخ خواردنەوە کحولییەکانیان دەست بکەوێت کە بەگرانتر لە پێشوو دەیدەنە کڕیارانیان.
ئەسوان کلدانی، پەرلەمانتاری کەمینەی کریستیانەکان لە عێراق لەبارەی بڕیارەکەوە لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی رۆیتەرز ئاماژەی بەوەدا کە بڕیارەکە دژی ئەو ئازادیانەیە کە لە دەستوری عێراقدا هاتووە.
بڕیاری قەدەغەکردنی خواردنەوە کحولییەکان لە ساڵی 2016 دا لە لایەن پەرلەمانەوە بە یاسا دەرچوو، هەرزوو بەشێکی زۆری ئەو کەسانەی کارەکانیان لەسەر فرۆشتن و بازرگانیکردن بوو بە خواردنەوە کحولیەکانەوە داخران و مەترسی بێکاربوونی سەدانی کەسی دروستکرد.
هاوکات بەشێکی زۆری عێراقیەکانیش ترسی ئەوەیان هەیە عێراقیش وەک وڵاتانی دراوسێیان و ئێران لە ناویاندا ببێتە کۆمارێکی ئیسلامی.
