ڕێکخراوی سی پی تی داوای ئاشکراکردنی شوێنی ڕۆژنامەنوس سلێمان ئەحمەد دەکات

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

ھەرچەندە شەش رۆژ بەسەر دەستبەسەرکردنی سلێمان ئەحمەد، ڕۆژنامەنووس و هەواڵسازی ئاژانسی ڕۆژنیوز لە لایەن پەدەکەوە تێدەپەڕێت، ھێشتا چارەنووسی نادیارە و ھیچ زانیارییەک لەبارەیەوە بەردەست نییە و ڕیکخراویکی ئەمریکی داوای ئاشکراکردنی شوێنی ئەو ڕۆژنامەنوسە دەکات.

سلێمان ئەحمەد، ڕۆژنامەنووس و هەواڵسازی بەشی عەرەبی ئاژانسی ڕۆژنیوز، لە مانگی ئەیلوولەوە، بۆ سەردانی خێزانەکەی چووبووە ڕۆژئاوای کوردستان، دوای گەڕانەوەی بۆ باشووری کوردستان، لە دەروازەی فەرمیی فیشخاپوور، لەلایەن هێزەکانی پەدەکەوە دەستگیر کرابوو. ئەو ڕۆژنامەنووسە بەبێ هیچ هۆکارێکی یاسای و هیچ ڕوونکردنەوەیەک، ماوەی شەش ڕۆژە بێسەروشوێنە و پەیوەندی لەگەڵیدا پچڕاوە.

لەم بارەیەوە لە ڕاگەیەنراوێکدا تیمی کوردستانی عێراقی ڕێکخراوی سی پی تی لەسەر ڕفاندن و بێسەروشوێنکردنى ڕۆژنامەنووسەکەى ئاژانسی ڕۆژنیوز بڵاویکردەوە، تیمی ڕێکخراوەکەمان ئاگادارکراوەتەوە کە لە ڕۆژی ٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣وە، سلێمان ئەحمەد ڕۆژنامەوانی کوردی-سوریی کە بۆ سەردانی خانەوادەکەی لە باکووری ڕۆژئاوای سوریا بوو، لە کاتی گەڕانەوەی بۆ پارێزگای سلێمانی کە شوێنی کارەکەی لەو پارێزگایەیە، لە دەروازەی سنوری فیشخابور دەستگیرکراوە.

ڕێکخراوەکە دەشڵێت: بە گوێرەی یاسا بەرکارەکان، پێویستە لەسەر بەرپرسانی حکومەتی هەرێم شوێنی دەستبەسەرکردن و هۆکارەکانی دەستگیرکردنی سلێمان بۆ خانەوادەکەی ئاشکرا بکەن..

هەر لەبارەی بێسەروشوێنکردنی ئەو ڕۆژنامەنووسە د. ئەرادە جبوری، بەرپرس لە سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی عێراق ڕایگەیاندبوو، ڕفاندنی ڕۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد، كە هەواڵسازی بەشی عەرەبییە لە ئاژانسی ڕۆژنیوز ئیدانە دەكەین، داواش لە لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكەین چارەنووسی ئاشكرا بكەن.

ئاماژەی بەوەشكردبوو، هەوڵەكان بۆ بێدەنگ كردن و ڕاوەدوونانی ڕۆژنامەنووسان لە هەولێر و دەروازە سنوورییەكانی ژێر دەسەڵاتی پەدەكە زیادی كردووە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی ڕفاندنی سلێمان ئەحمەد سیستماتیك و نایاساییە.

ھاوکات سەنتەری میترۆ، بۆ داکۆکی لە مافی ڕۆژنامەنووسان لەبارەی دەستگیرکردنی رۆژنامەنووس، سلێمان ئەحمەد ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا داوای لە حكومەتی هەرێمی كوردستان کرد، چارەنووسی ئەو ڕۆژنامەنووسە ئاشكرا بكات.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتبوو، سەنتەری میترۆ راوێژكاری یاسایی خۆی راسپاردووە بە مەبەستى بەدواداچوونی كەیسی (سلێمان ئەحمەد)، هەواڵسازی بەشی عەرەبی ئاژانسی رۆژنیوز، لەگەڵ هەر پێشكەوتنێك لە كەیسەكەدا ڕای گشتی ئاگادار دەكەینەوە.

تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی شوێنی ئەو ڕۆژنامەنوسەوە نییە و هیچ لایەنێکیش لەم بارەیەوە هیچ زانیارییەکی بڵاونەکردۆتەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار