ئیسپانیا پەرە بە پرۆژەی ھێڵی شەمەندەفەر لە ھەرێمی کوردستان دەدات

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ئیسپانیا پەرە بە پرۆژەی ھێڵی شەمەندەفەر لە ھەرێمی کوردستان دەدات و بڕیارە و لە مانگی داھاتووش ھەردوو وەزیری ئاوەدان کردنەوە و گواستنەوە و گەیاندنی ھەرێم سەردانی ئیسپانیا بکەن.
میدیای یەکێتی بڵاویکردەوە، دارەوان حاجی حامد نوێنەری حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە ئیسپانیا ئەمڕۆ سێشەممە دواین مۆری لە سەر پڕۆژەی تۆڕی شەمەندەفەرەکە بە یاسایی کرد کە ئیسپانیەکان نەخشەکەیان کردوە لە ھەرێمی کوردستان و لەلایەن کۆمپانیایەکی ئیسپانییەوە پەرەی پێدەدرێت.
هاوکات بڕیارە ھەردوو وەزیری ئاوەدان کردنەوە و گواستنەوە و گەیاندنی ھەرێمی کوردستان بەمەبەستی تاوتوێی ھەنگاوەکانی داھاتووی پەرەپێدانی پڕۆژەی ھێڵی ئاسن سەردانی ئیسپانیا بکەن.
هەروەها بەگوێرەی زانیارییەکانی بڵاوکراوەتەوە، تا ئەمڕۆش توێژینەوەی ئیمکانی ئەو پڕۆژەیەی کە بڕیارە لە ھەرێمی کوردستان پەرەی پێبدرێت تەواو بووە، دوایین توێژینەوەکان لەلایەن تیمی پەرەپێدانی پڕۆژەکە لە ئیسپانیا پێشکەش بە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی ھەرێمی کوردستان کرا.
