تورکیا دەیەوێت ژنە چالاکوانێکی سیاسی دیپۆرتی ئێران بکاتەوە

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
دوای 10 ساڵ چاوەڕوانی و سەرەڕای قبوڵکردنی دۆسیەکەیان لە لایەن ئاژانسی پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان، داواکاری پەنابەری شاهرام ئەلیاسی و خێزانەکەی لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی کۆچ و کۆچبەرانی تورکیاوە ڕەتکرایەوە و دە ڕۆژ مۆلەتیان پێدراوە بۆ ئەوەی ناڕەزایی خۆیان لە بەرامبەر بڕیارەکە دەرببڕن پێش ئەوەی دیپۆرتی ئێران بکرێنەوە.
شاهرام ئەلیاسی، زیندانی سیاسی کوردی ئێران و چالاکوانی سیاسی کە لە سالی 2007 لە بۆکان دەستگیرکرا و بە تاوانی هەڕەشە لەسەر ئاسایشی نیشتمانی و سیخوڕی، حوکمی 11 ساڵ زیندان بەسەردا سەپێنرا، بەڵام دوای شهش ساڵ بە کەفالەت ئازادکرا، لە ساڵی 2014 پەنای بۆ تورکیا برد.
شەهرام ئەلیاسی پێیوایە کە مەترسی لە سەر ژیانی هەیە ئەگەر دیپۆرتی ئێران بکرێتەوە چونکە "پێشتر لە ئێران زیندانی سیاسی بووە و ئێستاش لە تورکیا کاری ڕۆژنامەوانی دەکات و بەڕێوەبەری کەمپەینی بەرگریکردنە لە زیندانیانی سیاسی و مەدەنی و ئەندامی سازمانی مافی مرۆڤ و دژی لە سێدارەدانە."
ئەو خانمە سەبارەت بە هۆکاریی مانەوەی لە تورکیا بە دەنگی ئەمریکایی وتووە، لە ساڵی 2015 لەلایەن ئۆفیسی نەتەوە یەکگرتوەکان لە تورکیا مافی پەنابەریان پێدرا و چاوەڕوانی گواستنەوەبون بۆ ئەمریکا، بەڵام بەهۆی ئەوەی ژمارەیەکی زۆری پەنابەرانی سوریا ڕویان لە تورکیا کرد، دوای بڕیارێکی سەرۆکی پێشوی ئەمریکاش سەبارەت بە پەنابەران خۆی و خێزانەکەی لە تورکیا مانەوە تا لە ساڵی 2018 کاروباری پەنابەران بە بەڕێوبەرایەتی پەنابەرانی تورکیا سەپێنڕا، دوای چەندین چاوپێکەوتن، هەفتەی رابردو دۆسیهكهی خۆی و خێزانەکەی ڕەتکرایەوە.
تەیمور ئەلیاسی، نوێنەری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لە نەتەوە یەکگرتوەکان لە ژنێڤ لە بارەی کەیسی ئەو چالاکوانە رایگهیاندوە،" پەیوەندیمان بە بەڕێوەبەرایەتی کاروباری پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتوەکانەوە کردوە و نامەمان بۆ ئۆفیسەکانیان لە تورکیا و ژنێڤ ناردوە و نیگەرانی خۆمان لەسەر بڕیاری بەڕێوهبەرایەتی پەنابەرانی تورکیا دەربڕیوە، نایشارمەوە کە هێشتا ئێمە نیگەرانین چونکە تورکیا لە ڕابردودا چەند کەسێکی ناردوتەوە".
