مەسرور بارزانی: هیچ بیانوویەک بۆ نەناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم نییە

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم لەگەڵ باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق کۆبوویەوە و رایگەیاند، حکومەتی هەرێم داتا و زانیاری وردی ناردووە بۆ حکومەتی عێراق بۆیە "هیچ بیانوویەک بۆ نەناردنی" مووچە نییە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 1ی تشرینی دووەمی 2023، مەسرور بارزانی لە هەولێر پێشوازی لە ئەلینا رۆماناۆسکی، باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق کرد.
لە کۆبونەوەکەدا سەرۆکی حکومەتی هەرێم جەختی "لە گرنگی ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان کردەوە بەتایبەتی کە لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێم داتا و زانیاری ورد و پشبەست بە بەڵگە یاسایی و دەستوورییەکانیان پێشکەشی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵ کردووە و هیچ بیانوویەک بۆ نەناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم نییە."
بڕیاربوو رۆژی دووشەممە 30-10-2023 وەفدێكی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا بكاتەوە، دوای ئەوەی ناردنی 700 ملیارە قەرزەكە لەلایەن بەغداوە دواكەوت.
سەبارەت بەدواكەوتنی ئەو قەرزە، پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت، "وەفدەكە نەچوونەتە بەغدا هەندێك داواكارییان هەبووە ناردوویانە بۆ وەفدی هەرێم بەپێی بڕیارەكەشیان دەبێت لەم هەفتەیەدا داواكاریەكانیان لەلایەن وەفدی هەرێمەوە جێبەجێ بكرێت و بنێردرێتەوە بۆ بەغدا."
