ئومێد سەباح: سبەینێ بەشێک لە 700 ملیار دینارەکە دەگاتە هەرێمی کوردستان

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم رایگەیاند؛ سبەینێ بەشێک لە 700 ملیار دینارەکە دەگاتە هەرێم و دواتریش لیستی مووچە رادەگەیەنرێت.
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئموێد سەباح رایگەیاند، "سەرۆک وەزیرانی عێراق داوای کردووە شاندی حکومەتی هەرێم سەردانی بەغدا بکات و وەزیری دارایی عێراقیش دوێنێ داوای لە بانکی ناوەندی کردوە، 700 ملیار دینارەکە بنێرێت."
سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم ئەوەی ئاشکرا کرد کە سبەینێ پێنجشەممە بەشێک لە 700 ملیار دینارەکە دەگاتە هەرێم و رەنگە هەر سبەینێ یان شەممە لیستی مووچە رابگەینرێت و هەفتەی داهاتوو دەست بە دابەشکردنی مووچە بکرێت.
ئەمە لەکاتێکدایە کە تا ئێستا مووچەخۆرانی هەرێم مووچەی مانگی هەشتیان وەرنەگرتووە و وەزارەتی دارایی عێراق داوای داتا و زانیاری داهات و خەرجی هەرێمی کوردستانی کردووە، بەرپرسانی هەرێمیش دەڵێن سەرجەم داتاکانیان رەوانەی بەغدا کردووە و ئەگەر "بەهانەی تر نەدۆزنەوە" دەبێت 700 ملیار دینارەکە رەوانە بکەن.
هاوکات ئەمڕۆ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم لەگەڵ باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق کۆبوویەوە و رایگەیاند، حکومەتی هەرێم داتا و زانیاری وردی ناردووە بۆ حکومەتی عێراق بۆیە "هیچ بیانوویەک بۆ نەناردنی" مووچە نییە.
بڕیاربوو رۆژی دووشەممە 30-10-2023 وەفدێكی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا بكاتەوە، دوای ئەوەی ناردنی 700 ملیارە قەرزەكە لەلایەن بەغداوە دواكەوت.
سەبارەت بەدواكەوتنی ئەو قەرزە، پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت، "وەفدەكە نەچوونەتە بەغدا هەندێك داواكارییان هەبووە ناردوویانە بۆ وەفدی هەرێم بەپێی بڕیارەكەشیان دەبێت لەم هەفتەیەدا داواكاریەكانیان لەلایەن وەفدی هەرێمەوە جێبەجێ بكرێت و بنێردرێتەوە بۆ بەغدا."
