نۆ کۆڵبەر بە تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی ئێران برینداربوون

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی 

نۆ کۆڵبەر لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی تەقەی هێز ئەمنییەکانی ئێرانەوە لە سنوری نەوسوو برینداربوون.

بەپێی هەواڵی میدیا ناوخۆییەکان، رۆژی پێنجشەممە 2ی تشرینی دووەمی 2023، هێزە ئەمنییەکانی سەر سنوور بە شێوەی راستەوخۆ تەقەیان لە کاروانێکی کۆڵبەر کردووە لە سنووری نەوسوو و بەوهۆیەوە  نۆ کۆڵبەر بریندار بوون کە فیشەک بەر پێ و پشت و کەمەریان کەوتووە. 

بەپێی زانیارییەکان، کۆڵبەرەکان خەڵکی شارەکانی سەلاس، باوەجانی و جوانڕۆن و برینی هەندێکیان سەختە و باری تەندروستیان ناجێگیرە.

تەقەکردن لەو کۆڵبەرانە لە سەر سنوور لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران سەردانی پارێزگای سنەی کرد و لە قسەکانیدا باسی لە چارەسەرکردنی کێشەی بێکاری ئەکرد لە رۆژهەڵاتی کوردستان.

باسکردن لە چارەسەرکردنی کێشەی بێکاری یەکێکە لە  دروشمە سەرەکییەکانی بەرپرسانی ئێران، بەڵام بێکاری و هەژاری تا دێت لە رۆژهەڵاتی کوردستان زیاتر ئەبێت.

بەشێکی زۆری خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان  بۆ پەیداکردنی بژێوی ژیانیان پەنا بۆ کاری مەترسیدار و دژواری کۆڵبەری ئەبەن، رۆژانە هەواڵی کوژران و بریندار بوونی کۆڵبەر لە سەر سنوورەکان بە هۆی تەقەی راستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانەوە بڵاو ئەبێتەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار