لە بۆردومانی ئیسرائیل بۆ سەر کەمپێك لە ناوەڕاستی غەززە، 51 کەس کوژران

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

ئاژانسی هەواڵی فەڵەستینی WAFA ڕایگەیاند سوپای ئیسرائیل دوێنێ شەممە هێرشی کردە سەر کەمپێکی پەنابەرانی غەزە و بووە هۆی کوژرانی 51 کەس کە زۆربەیان ژن و منداڵن، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئەمەریکا و ئیسرائیل داواکارییەکانی جیهانیان بۆ ڕاگەیاندنی ئاگربەست ڕەتکردەوە.

لەگەڵ بەرزبوونەوەی ژمارەی کوژراوان لە غەزە، خۆپیشاندەرانی لایەنگری فەلەستینییەکان ڕۆژی شەممە لە شارەکانی سەرانسەری جیهاندا خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و داوای کۆتاییهێنانیان بە شەڕی غەزە کرد کە نزیکەی مانگێکە بەردەوامە.

ئەو ئاژانسە ڕایگەیاند، بۆردومانێکی ئیسرائیل بۆ سەر کەمپی المغازی لە ناوەڕاستی شاری غەززە بوەتەهۆی گیانلەدەستدانی 51 کەس، ئەوەش دوای راگەیاندنی هاتنی نزیکەی 20 تەرمی دیکە.

هاوکات وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین لە غەززە ئێوارەی ڕۆژی شەممە رایگەیاند، لە 7ی ئه‌م مانگه‌وه‌ ژمارەی کوژراوانی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە بۆ 9 هەزار و 488 کەس بەرزبوەتەوە کە سێ هەزار و 900 منداڵیان تێدایه‌.

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، 70%ی قوربانیانی بۆردومانەکەی ئیسرائیل منداڵ و ژن و بەساڵاچوانن و زیاتر لە هەزار کۆمەڵکوژی لە دژی بنەماڵە فەڵەستینییەکان ئەنجامدراوە.

هەروەها وەزیرانی دەرەوەی قەتەر، سعودیە، میسر، ئوردن وئیمارات ڕۆژی شەممە لە عەمان لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن کۆبوونەوە و داوایان لە واشنتن کرد   ئیسرائیل ڕازی بکات ئاگربەستەکە ئەنجام بدات.

لە بەرامبەردا مانگی سوری فەڵەستین ڕۆژی یەکشەممە رایگەیاند، 30 بارهەڵگر هاوکاری لە ڕێگەی دەروازەی ڕەفحەوە پێگەیشتوە، بەوەش ژمارەی ئەو هاوکاریانەی لە 21ی مانگی رابردوه‌وه‌ گەیشتونەتە کەرتی غەززە بۆ 451 بارهەڵگر بەرزبوەتەوە.

 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار