ئەمریکا هێزی سەربازی زیاتر دەنێرێتە ڕۆژئاوا
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ئاژانسی سپۆتنیکی ڕوسی ئاشکرایکردوە، هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی لەڕێگەی زیاتر لە 90 بارهەڵگرەوە هێزی سەربازی نوێیان ڕەوانەی بنکە سەربازییەکانیان لەناوچەکانی ڕۆژئاوای کوردستان کردوە.
بەپێی ڕاپۆرتێكی ئاژانسی سپۆتینكی ڕووسی، دوێنێ شەمە ئەمریكا بە مەبەستی ڕێگریكردن لەو هێرشە مووشەكی و درۆنیانەی لە سووریا دەكرێتە سەر بنەکەکانیان، هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی بە سەرۆكایەتی ئەمریكا لە ڕێگەی (٩٠) بارهەڵگرەوە، چەكی قورس و تۆپخانەی ڕەوانەی بنكەكانیان كردووە لە سووریا.
ڕاپۆرتەكەی سپۆتینك باسی لەوەش كردووە: ناردنی ئەو بارهەڵگرانە بە دوو كاروان بووە، كاروانێكیان پڕبوون لە تۆپخانە و چەكی قورس و زرێپۆش و ئۆتۆمبێلی سەربازیی، كاروانی دووەم بریتی بووە لە تانكەری سووتەمەنی و سندووقی داخراو و كەلوپەلی سەربازیی، هاوكات لەو كاروانەدا چەند بارهەڵگرێك بەبێ ئەوەی بزانرێت چی لەناودایە بە چادری ڕەش داپۆشراوە و لەو ناوچانەی لەژێر كۆنتڕۆڵی هێزەكانی سووریای دیموكرات (قەسەدە)دان.
سەرچاوەکان بەو ئاژانسەشیان وتووە، هێلیکۆپتەری سەربازیی ئەمریکیو ئۆتۆمبێلی زرێپۆش ئەو کاروانە سەربازییەیان پاراستوە، ئەوە جگە لەوەی هێزێکی سەربازیی هەسەدەش هاوڕێیەتی ئەو کاروانە سەربازییەیان کردوە، بەوپێیەی ترسی ئەوەیان هەبووە لەکاتی داخڵبونیان بۆ ڕۆژئاوای کوردستان لەلایەن درۆنی خۆکوژیی ئێرانییەوە بەئامانج بگیرێن.
زیادكردنی ئەو هاوكارییانە لە كاتێكدایە، ڕۆژانە بنكەكانی ئەمریكا لە عێراق و سووریا لەلایەن بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی نزیك لە ئێران بە درۆن و مووشەك دەكرێنە ئامانج.
