زانکۆی سلێمانی سزای ئەو مامۆستایە دەدات کە "قسەی نەشیاوی" بە کچە پەیامنێرێک وت

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
زانکۆی سلێمانی روونکردنەوەیەکی لەسەر لێدوانێکی مامۆستایەکی زانکۆکە بەرامبەر کچە پەیامنێرێک بڵاوکردەوە و دەڵێت، ئەو "قسە نەشیاوانە رەتدەکەینەوە" و سزای مامۆستاکەش دەدرێت.
رۆژی یەکشەممە 5ی تشرینی دووەمی 2023، لەکاتی خۆپیشاندانی مامۆستایان لەبەردەم زانکۆی سلێمانی، کچە پەیامنێرێک هەوڵ دەدات مامۆستایەک بدوێنێت لەسەر خۆپیشاندانەکە، بەڵام مامۆستاکە بەشێوەیەکی تر وەڵامی دەداتەوە و سووکایەتی بە کچە پەیامنێرەکە دەکات. لە قسەکانیدا مامۆستاکە دەڵێت، "ئێوە ترسنۆکن و یەکێتی و پارتی ئێوەشی ترساندووە، تۆ هاتووی خۆت دەرخەیت و خۆت جوانکردووە و ئەگەڕێی بەڵکو یەکێک بووبینێت و شوو بکەیت بۆ خۆت."
لەسەر ئەم قسانە زانکۆی سلێمانی دەڵێت، ئەو مامەڵەیە بە نەگونجاو دەبینن و رەتیدەکەنەوە، "سه‌رۆكایه‌تی زانكۆمان لیژنه‌یه‌كی لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌سه‌ر ئه‌و مامۆستایه پێكهیناوه‌و سزای خۆی وه‌رده‌گرێت."
دەقی روونکردنەوەکەی زانکۆی سلێمانی:
روونكردنه‌وه‌یه‌ك له راگه‌یاندنی زانكۆی سلێمانییه‌وه
به‌ڕێزان سه‌رجه‌م كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن و رۆژنامه‌نوسان ئێمه وه‌ك راگه‌یاندنی زانكۆی سلێمانی كه خۆمان راگه‌یاندنكارین و له‌هه‌مانكاتیشدا كاری راگه‌یاندن ده‌كه‌ین و پسپۆڕی بواره‌كه‌شین، له‌م روانگه‌یه‌وه رێزێكی تایبه‌ت له‌راگه‌یاندنكاران و پیشه‌كه‌یان ده‌گرین و به‌رده‌وام هه‌وڵمان داوه هاوكارێكی باشی بین بۆیان و وابكه‌ین كه به‌شێك له‌كارو چالاكییه‌كانمان به‌بێ جیاوازی له‌ده‌زگاكانی راگه‌یاندنه‌وه بڵاو بكرێنه‌وه‌و راگه‌یاندنه‌كان ببنه گه‌یه‌نه‌ری ده‌نگمان.
بۆیه وه‌ك راگه‌یاندنی زانكۆی سلێمانی به‌هه‌موو لایه‌كی راده‌گه‌یه‌نین، وشه نه‌شیاوه‌كانی ئه‌و مامۆستایه‌ی به‌رامبه‌ر به كچه رۆژنامه‌نوسێك به‌كارهێنا، ره‌تده‌كه‌ینه‌وه به مامه‌ڵه‌یه‌كی نه‌گونجاوی ده‌زانین و له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا سه‌رۆكایه‌تی زانكۆمان لیژنه‌یه‌كی لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌سه‌ر ئه‌و مامۆستایه پێكهیناوه‌و سزای خۆی وه‌رده‌گرێت.
رۆژنامه‌نوسانی ئازیزی سلێمانیش ئاگادار ده‌كه‌ینه‌وه، وشه‌كانی ئه‌و مامۆستایه گوزارشت ته‌نها له بۆچوونی خۆی ده‌كات نه‌ك زانكۆی سلێمانی، كه پێده‌چێت له توڕه‌بووندا ئه‌و وتانه‌ی وتبێت، بۆیه جارێكی دیكه ته‌ئكید ده‌كه‌ینه‌وه كه راگه‌یاندن به یه‌كێك له هه‌ره پایه گرنگه‌كانی ده‌وڵه‌تداری ده‌زانین و میدكاران و رۆژنامه‌نوسانیش كه هه‌ڵگری ئه‌و په‌یامه پیرۆزه‌ن رێزیان لێده‌گرین.
راگه‌یاندنی زانكۆی سلێمانی
