وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان: دانا گاز بەبێ رەزامەندی ئێمە ناتوانێت گاز بۆ شوێنی دیکە بگوازێتەوە

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان لەبارەی هەناردەكردنی غاز لە كێڵگەی كۆرمۆرەوە بۆ كەركوك رونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە.
وەزارەتی سامانە سروشتییەكان ئەمڕۆ دووشەممە لە روونکردنەوەیەکدا لەبارەی راکێشانی بۆری گاز لە کێڵگەی کۆرمۆر بۆ وێستگەیەکى کارەباى کەرکووک دەڵێت، ئەو بۆرییەی لە راگەیاندنەكاندا باس کراوە، لە ساڵانی هەشتاكانەوە هەبووە و كۆمپانیای دانا گاز پێشتر بۆ بابەتی گواستنەوەی كوندینسیت بەكاریهێناوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، تا ئێستا بڕی گازی پێویست بۆ وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا لە هەرێمی كوردستان دابین نەكراوە، بەپێی گرێبەست لەگەڵ كۆمپانیای داناگاز بەهیچ شێوەیەك كۆمپانیاكە بۆی نییە بەبێ رەزامەندیی حكومەتی هەرێمی كوردستان گاز لە کێڵگەکانی هەرێمەوە بۆ هیچ شوێنێکی دیکە بگوازرێتەوە.
دەقی روونکردنەوەکە...
سەبارەت بە دەنگۆی تەواوکردنی راکێشانی بۆرییەکی گاز لە کێڵگەی کۆرمۆر؛ بە پێویستی دەزانین ئەم روونکردنەوەیە بدەین، بۆ ئەوەی بابەتەکە بە ھەڵە لە ڕاگەیاندنەکانەوە باس نەکرێت.
تا ئێستا بڕی گازی پێویست بۆ وێستگەکانی بەرھەمھێنانی کارەبا لە ھەرێمی کوردستان دابین نەکراوە و، بەپێی گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیای داناگاز بەھیچ شێوەیەک کۆمپانیاکە بۆی نییە بەبێ رەزامەندیی حکومەتی ھەرێمی کوردستان گاز لە کێڵگەکانی ھەرێمەوە بۆ ھیچ شوێنێکی دیکە بگوازرێتەوە. ئەو بۆرییەی لە راگەیاندنەکاندا باس کراوە، لە ساڵانی ھەشتاکانەوە ھەبووە و کۆمپانیای دانا گاز پێشتر بۆ بابەتی گواستنەوەی کوندینسیت بەکاری ھێناوە.
لە کۆبوونەوەی رۆژی ٢/١٠/٢٠٢٣ بە فەرمی بە کۆمپانیای داناگازمان راگەیاندووە: نابێت بەبێ رەزامەندیی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان گازی کێڵگەکانی ھەرێم بۆ ھێچ شوێنێک چ لەناوخۆ یان دەرەوە بگوازێتەوە.
