کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق خشتەی کاری ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی پەسەند کرد

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بەگوێرەى خشتەى کارى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق، ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردن 40 رۆژ دەبێت و ئەو کارتانەى دەنگدان کە دابەش نەکراون دەگەڕێندرێنەوە.
کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق خشتەی کاری ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی پەسەند کرد و بەگوێرەى زانیارییەکان بەشێکى کەوتوونەتە بوارى جێبەجێکردنەوە و بەشێکى دیکەى ئەگەرى گۆڕانکارى تێدایە و تیایدا هاتووە کە بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بۆ 40 ڕۆژ بەردەوام دەبێت.
بە گوێرەی خشتەکە هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان لە 25ى شووباتى 2024 دەکرێت، کە دوو رۆژ بەر لە دەنگدانی گشتی، دەنگدانی تایبەت دەکرێت و 22ى شوباتى 2024 بانگەشەی هەڵبژاردن رادەگیرێت ، واتە سێ رۆژ بەر لە دەنگدان بانگەشە رادەگیرێت.
هاوکات بە گوێرەی زانیارییەکان سبەینێ کۆمیسیۆنی عێراق لەگەڵ حکومەتى هەرێمى کوردستان کۆدەبێتەوە و لە کۆبونەوەکەیشدا هەردولا ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تاوتوێ دەکەن.
حەمانە لە کاتێکدایە بڕیارە لە 25ى شوباتى 2024 هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان ئەنجام بدرێت و بەهۆى کارانەبونى کۆمیسیۆنى باڵاى هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمى کوردستان و کۆتاییهاتنى وادەى پەرلەمانى کوردستان کە دەسەڵاتى کاراکردنەکەى هەیە، کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق سەرپەرشتی دەکات.
