نێچیرڤان بارزانی: نابێت رێگە بەو هێزانە بدرێت کە لە دەرەوەی یاسان، کێشە بۆ عێراق و هەرێم دروست بکەن

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، کۆبونەوەیەکی باشیان لەگەل یەکێتی کردوە و وادەی هەڵبژاردن دیاری کراوە و هیوادارین لە کاتی خۆیدا بەرێوەبچێت، داوا لە فەرامندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراقیش دەکەن رێگری لەو گروپە چەکدارییانە بکات کە کێشەی ئەمنی دروست دەکەن.

نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم رایگەیاند، کۆبونەوەیەکی باشیان لەگەڵ یەکێتی ئەنجامدا، بڕیارە کۆبونەوەکانیش بەردەوام بن، لە کۆبونەوەی داهاتوش هەوڵی گەیشتن بە تێگەیشتنێکی هاوبەش دەدەن.

ئەوەش لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ سێشەممە کۆبونەوەی لوتکەی هەردو حزبی یەکێتی و پارتی لە پیرمام بەرێوەچو، بەپێی راگەیەنراوی هاوبەشی هەردولا كۆبونه‌وه‌كه‌ له‌ كه‌شێكی ئارامدا به‌ڕێوه‌چوه‌ و جه‌ختیان له‌ كاركردن پێكه‌وه‌ و هه‌ماهه‌نگی كردوه‌ته‌وه‌ و كۆبونه‌وه‌كانیش له‌ ئاینده‌دا به‌رده‌وام ده‌بن.

سەرۆکی هەرێم لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان وتی، ئەوان وەکو سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رۆژی هەڵبژاردنیان دیاریکردووە و هیوادارن لە وادەی خۆیدا بکرێت. 

 سەبارەت بە هێرش و بۆردومانەکانی سەر هەرێمیش، ڕایگەیاند: "ئەمە پێشهاتێکی مەترسیدارە بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان، داوامان لە سەرۆک وەزیرانی عێراق وەکو فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان ئەوەیە کە نابێت رێگە بەو هێزانە بدرێت کە لە دەرەوەی یاسان، کێشە بۆ عێراق و هەرێم دروست بکەن."

کۆبونەوەی ئەمڕۆی یەکێتی و پارتی ماوەی پێنج کاتژمێری خایاند و هەریەکە لە مەسرور بارزانی، نێچیرڤان بارزانی، بافڵ جەلال تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی تێیدا بەشداربون، دیارترین تەوەرەکانی کۆبونەوەکە پاراستنی قەوارەی هەرێم و کارکردن بە هەماهەنگی نێوان هەردولا، هەروەها جەخت کردەوە لە هەوڵی بەدەستهێنانی شایستە داراییەکانی هەرێم بو.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار