بەڕێوەبەرایەتی کۆنتڕۆڵی دەرمان: ئەو دەرمانانەی بێ ستیکەرن دەبێت بگەڕێندرێنەوە کۆگاکان

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

بەڕێوەبەرایەتی کۆنتڕۆڵی دەرمان (KMCA) لە وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان گشت کۆمپانییەکانی هاوردەکردنی بەرهەمی دەرمانسازی، پزیشکی و کارگە ناوخۆییەکانی دروستکردنی بەرهەمی دەرمانسازی و بەرهەمی پزیشکی ئاگاداردەکاتەوە، کە ئەو بەرهەمە دەرمانسازی و پزیشکییانەی بێ ستیکەرن دەبێت بگەڕێندرێنەوە بۆ کۆگاکانیان.

بەڕێوەبەرایەتی کۆنتڕۆڵی دەرمان لە ڕاگەیەنراوێکدا دەڵێت، لە پێناو بەرژەوەندی گشتی و تەندروستی هاووڵاتییان، ئاگاداری گشت کۆمپانیاکانی هاوردەکردنی بەرهەمی دەرمانسازی و پزیشکی و کارگە ناوخۆییەکان دەکەینەوە، بۆ ئەوەی سەرجەم ئەو بەرهەمە دەرمانسازی و پزیشکییانەی کە بێ ستیکەرن یاخود ستیکەری کۆنیان لەسەرە بگەڕێننەوە بۆ کۆگاکانیان.

ئاماژە بەوەش کراوە، دوای گەڕاندنەوەی دەرمانەکان، لیستێکی بەرهەمە گەڕێنراوەکانیان ئامادە بکەن و دواتر لیستەکە ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتی کۆنترۆڵی دەرمان بکەن، بۆ دروستکردنی ستیکەری نوێ بۆیان دواتر بەرهەمەکانیان بخەنەوە بازاڕ.

تەندروستی دەڵێت دوای ئەوە بەرهەمەکانیان بە لیستێک کە ئەم زانیاریانە لەخۆ بگرێت(Itemname، quantity، batch number، current process) پێشکەش بە بەڕێوەبەرایەتیەکەیان بکەن بۆ دروستکردنی ستیکەری نوێ بۆیان دواتر بەرهەمەکانیان بە بازاڕ بکەنەوە، دوا مۆڵەت رێککەوتی (10/12/2023) دەبێت.

هاوکات ئامژە بەوەشدراوە، دوای رێککەوتی (2/1/2024) هەر بەرهەمێکی دەرمانسازی و پزیشکی بەبێ ستیکەری نوێ بوونی هەبێت لە کۆمپانیا و کۆگاکانی دەرمان و دەرمانخانەکان و کارگە ناوەخۆییەکانی دروستکردنی بەرهەمی دەرمانسازی و پزیشکی بە نایاسایی هەژمار دەکرێت و دەستی بەسەردادەگیرێت و رێکاری یاسایی توند بەرامبەر سەرپێچیکار دەگیرێتە بەر.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار