دانە گاز: تێکڕاى بەرهەمهێنانى نەوت لە هەرێمى کوردستان بەڕێژەى 8% بەرز بووەتەوە

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بەپێى راپۆرتى دارایى نۆ مانگى رابردوى کۆمپانیاى دانە گاز، رۆژانە 165 ملیۆن پێی سێجا گازی سرووشتی زیادبووە و رێژەى بەرهەمهێنانی کۆمپانیاکەش 8% بەرز بووەتەوە. دەشڵێت: هەرێمى کوردستان 127 ملیۆن دۆلار قەرزى دانە غازى داوەتەوە.
کۆمپانیاى دانە غاز، راپۆرتى دارایى نۆ مانگى ئەمساڵى بڵاوکردەوە و لە راپۆرتەکەدا دەردەکەوێت، تەواوى قازانجى نۆ مانگى ئەمساڵى کۆمپانیاکە 126 ملیۆن دۆلار بووە و بەراورد بە هەمان کاتى ساڵى رابردو 35 ملیۆن دۆلار کەمى کردووە.
ئەوەشخراوەتەڕو کە داهاتى کۆمپانیاکە بەڕێژەى 21% دابەزیوە و گەیشتووەتە 326 ملیۆن دۆلار، ئەوەش بەراورد بە ساڵى 2022 کە لە نۆ مانگى ساڵەکەدا داهات 415 ملیۆن دۆلار بووە.
دانەگاز دەڵێت، لە ساڵی 2024 دا پڕۆژەی پەرەپێدانی KM250 تەواو دەبێت و بە تەواوبوونی پڕۆژەکە، بەرهەمهێنانی گاز لە 250 ملیۆن پێ سێجاوە بۆ 750 ملیۆن پێ سێجای رۆژانە بەرزدەبێتەوە.
بەپێى راپۆرتەکە، هەرێمى کوردستان 127 ملیۆن دۆلار قەرزى دانەغازى داوەتەوە، بەشێوەیەک حکومەتى هەریم بڕى 71 ملیۆن دۆلارى داوەتەوە و 56 ملیۆن دۆلاریش لایەنە ناحکومییەکان قەرزیان داوەتەوە، لە ئێستاشدا هەرێمى کوردستان 106 ملیۆن دۆلار قەرزدارى دانە غازە.
