دژەتیرۆری کوردستان-پارتی: بە دوو درۆنی بۆمبرێژکراو هێرش کرایەسەر بنکەی سەربازیی هەریر

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
دژەتیرۆری کوردستان-پارتی رایگەیاند شەوی رابردوو بە دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرش کرایە سەر بنکەی سەربازیی هەریر و زیانی نەبووە.
لە راگەیاندراوێکدا دژەتیرۆری کوردستان-پارتی دەڵێت، "شەوی ڕابردوو لە کاتژمێر 23:30 و کاتژمێر 00:40، لە ڕێگەی دوو درۆنی بۆمبڕێژکراوەوە هێرش کرایە سەر بنکەی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە فڕۆکەخانەی هەریر لە پارێزگای هەولێر."
هاوکات باس لەوەش کراوە، هێرشەکان هیچ زیانێکی گیانی و ماددیی لێ نەکەوتووەتەوە.
ئەمە دووەم جارە هێرش دەکرێتە سەر بنکەی سەربازیی هەریر و لە سەرەتایی ئەم هەفتەیەشدا هێرشێکی هاوشێوە ئەنجامدرا.
هێرش بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق و سوریا لەدوای جەنگی حەماس-ئیسرائیلەوە زیادیکردووە و ئەمریکا دەڵێت، ئەو هێرشانە لەلایەن هێزەکانی نزیک لە ئێرانەوە ئەنجامدەدرێن.
بەپێی وتەی وتەبێژی پنتاگۆن، لەماوەی سێ هەفتەدا 38 جار هێرشکراوەتەسەر سەر ئەو بنکانە و 45 سەرباز و کارمەند برینداربوون.
بەرەبەیانی ئەمڕۆش لوید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا لە راگەیاندراوێکدا وتی، هێرشێکیان بە بە دوو فڕۆکەی F-15 ئەنجامداوە بۆ کۆگایەکی چەکی گروپە چەکدارییەکانی نزیک ئێران لە سوریا و هێرشەکە بە فەرمانی راستەوخۆی سەرۆکی ئەمریکا بووە.
لۆید ئۆستن لەسەر هێرشەکە باسی لەوە کرد، ''وەڵامێکە بۆ ئەو هێرشانەی کە لەلایەن گروپەکانی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران لە عێراق و سوریا بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا کراون.''
