وتەبێژی حکومەتی هەرێم باس لە دەستکەوتەکانی کابینەی نۆی حکومەتی هەرێم دەکات لە کەرتی کشتوکاڵ

4 هەفتە لەمەوپێش
هاوڵاتی
پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێم لە گرتە ڤیدیۆیەکدا باس لە دەستکەوتەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم لە کەرتی کشتوکاڵ دەکات و رایگەیاند، حکومەتی هەرێم لە رێگەی دروستکردنی چوار سایلۆوە هەناردەکردنی بەربوومی کشتوکاڵی لە %1.5 ەوە بەرزکردووەتەوە بۆ %8.
وتەبێژی حکومەتی هەرێم دەڵێت، لە رێگەی راهێنانکردن بە جوتیارە نمونەییەکانی هەرێمی کوردستان توانراوە هەنار، پەتاتە و سێو و هەنگوین و چەندین بەربوومی دیکە هەناردەی دەرەوەی کوردستان بکرێت.
لەبارەی مۆڵەتدان بە کۆمپانیاکانی بواری کشتوکاڵ، پێشەوا هەورامانی دەڵێت، لە چوار ساڵی رابردوودا حکومەت مۆڵەتی داوەتە شەش کۆمپانیایی بواری بەرهەمهێنانی "چپسی پەتاتە" و "فینگر"، کە توانای بەرهەمی ساڵانەیان نزیکەی 70 هەزار تۆنە.
بە وتەی پێشەوا هەورامانی پەتاتەی کوردستان لە ئاستی براندە جیهانییەکاندا مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت و دەڵێت، چەندین رێستۆرانتی جیهانی بەناوبانگ داوای هەناردەکردنی پەتاتەی کوردستان دەکەن.
ساڵی رابردوو وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، توانیویانە ژمارەیەک بارهەڵگری هەنار ڕەوانەی وڵاتانی کەنداو و لەوێشەوە بۆ وڵاتانی ئەوروپا بکەن، لەو بارەیەوە وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کورستان رایگەیاند، حکومەتی توانیویەتی بەسەرکەوتووی هەناری کوردستان رەوانەی مارکێتەکانی ئەوروپا بکات و لە ئێستاشدا هەناری کوردستان دڵخوازترین میوەیە کە هاوڵاتیانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان دەیانەوێت بەدەستییان بگات.

