ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی سەرۆکی حکومەت لەگەڵ وەزیری نەوتی عێراق

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بهگوێرهی راگهیهندراوێكی نوسینگهی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە مەسرور بارزانی لەگەڵ حەییان عەبدولغەنی، جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری نەوتی فیدڕاڵ و شاندێکی یاوەری کە لە بریکاری و بەڕێوەبەرە گشتییەکانی وەزارەت و بەڕێوەبەری گشتیى کۆمپانیای (سۆمۆ) پێکهاتبوو، کۆبوەوە، بیروڕا لەبارەی ڕێکار و هەنگاوەکانی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان ئاڵوگۆڕکرا.
مەسرور بارزانى سەرۆکى حکومەتى هەرێم رایگەیاند: بیروڕامان لەبارەی ڕێکار و هەنگاوەکانی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان ئاڵوگۆڕ کرد و ئامادەیی هەرێمی کوردستانمان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم دووپات کردەوە.
بەپێى ئەو راگەیەنراوەى سەرۆکى حکومەت بڵاوى کردووەتەوە، لە کۆبونەوەکەدا ئاماژەیان بەوە داوە کە وەستانی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم، زیانی چەندین ملیار دۆلاری بە گەنجینەی گشتی گەیاندووە و پێویستە لە زووترین کاتدا، هەناردەکردن دەستپێبکاتەوە.
جەختیش دەکاتەوە، وەزیری سەرچاوە سروشتییەکانی هەرێممان ڕاسپارد کە هەماهەنگیی تەواو لەگەڵ تیمی وەزارەتی نەوتی فیدراڵ بکەن کە بڕیارە بۆ چەند ڕۆژێک لە هەولێر بمێننەوە.
دەقی ڕاگەیەندراوەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە ناوەڕۆکی کۆبونەوەکە:
لە کۆبوونەوەکەدا بیروڕا لەبارەی رێکار و هەنگاوەکانی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان ئاڵوگۆڕ کرا.
سەرۆکی حکومەت ئامادەیی هەرێمی کوردستانی بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم دووپات کردەوە، ئەمەش لە چوارچێوەی هێنانەکایەی لەیەکتێگەیشتنێکی هاوبەش بە ئاراستەی بەجێگەیاندنی پێداویستیيە دارایی و تەکنیکیيەکانی پرۆسەی هەناردەكردن و لە چوارچێوەی بنەما دەستووریی و گرێبەستەکان و ڕێزگرتن لە دەسەڵات و مافە دەستوورییەکانی سەرجەم لایەنەکان و دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆ دەستەبەرکردنی خەرجیى شایستەی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێم کە لەناو بودجەی حكومەتی فیدڕاڵ تەرخانکراویی پێویستی بۆ دانراوە.
سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوە دا کە وەستانی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم، زیانی چەندین ملیار دۆلاری بە گەنجینەی گشتی گەیاندووە و پێویستە لە زووترین کاتدا، هەناردەکردن دەستپێبکاتەوە. لەمبارەیەوە وەزیری سەرچاوە سروشتییەکانی هەرێمی ڕاسپارد کە هەماهەنگیی تەواو لەگەڵ تیمی وەزارەتی نەوتی فیدراڵ بکەن کە بڕیارە بۆ چەند ڕۆژێک لە هەولێر بمێننەوە.
جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری نەوتی فیدڕاڵ، خواستی حکومەتی فیدڕاڵی بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت دەربڕی و ئەم داوایەشی بە ناوی سەرۆکوەزیران و حکومەتی فیدڕاڵ خستەڕوو، ئەویش لە ڕێگای دهستەبەرکردنی زەمینەیەکی لەباری هاوبەش لە چوارچێوەی دەستوور و لابردنی ئاستەنگ و لەمپەرەکانی بەردەم پرۆسەکە.
لە کۆتاییدا بڕیاردرا کە هەردوو وەزارەت درێژە بە گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوەکان لەسەر وردەکارییە قانونی و دارایی و تەکنیکیيەکان بدەن تاکوو بە لەیەکتێگەیشتنێکی هاوبەشەوە، چارەسەرەکان بخرێنەڕوو بە ئامانجی ئەوەی لە زووترین کاتدا، هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم دەست پێ بکاتەوە کە ڕۆڵێکی بەرچاوی لە زیادکردنی سەرچاوەی داهاتی گشتی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان و خەرجکردنەوەی بۆ بەرژەوەندی گشتی دەبێت.
