لە زاخۆ هێزە ئەمنییەكان رێگریان لە ڕوماڵکردنی خۆپیشاندانی هاوڵاتیان کرد

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ئەمڕۆ یەكشەممە لە قەزای زاخۆ هێزە ئەمنییەكانی پارێزگای دهۆك رێگەیان نەدا پەیامنێرانی ( ئێن ئاڕتی، روداو، كوردسات، كەناڵ 8، 964+) گردبونەوەی هاوڵاتیانی یانزدە گوند لەبەردەم كێڵگە نەوتییەكانی تاوكێ ی سەر بەئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، روماڵ بكەن، دەستیشیانگرت بەسەر كەلوپەلی رۆژنامەوانی تیمی ئێن ئاڕتیدا.
سەنتەری میترۆ لە بڵاوکراوەیەکدا ڕایگەیاند، لە زاخۆ هێزە ئەمنییەكان رێگریان لە ڕوماڵکردنی خۆپیشاندانی هاوڵاتیان کردووە و کەلوپەلی ڕۆژنامەوانیان لە تیمێکی ئێن ئاڕ تی سەندووە.
وەحید سندی بۆ سەنتەری میترۆ لەسەر ڕوداوەکە قسەیکردووە و دەڵێت، "بەشێك لە هاوڵاتیانی 11 گوندی ناوچەی دەوروبەری كێڵگە نەوتییەكانی تاوكێ لەلایەن كۆمپانیاكانەوە گرێبەستەكانیان هەڵوەشاوەتەوە، ئەمە دووهەمین جارە گردبوونەوەی ناڕەزایەتی رێكدەخەن و داوادەكەن بچنەوە سەر كارەكانیان بەڵام وەڵامیان نادەنەوە."
وتیشی، " پۆلیسی كێڵگە نەوتییەكان رێگریان لە تیمی ئێن ئارتی كرد بەوەشەوە نەوەستان دەرگای پشتی ئۆتۆمبێلەكەی ئێمەیان كردەوە دەستییانگرت بەسەر كامێراو مایەكەكەماندا".
ئەو كاتەی تیمی ئێن ئاڕتی بەرەو زاخۆ گەڕاونەتەوە، تیمەكانی ( روداو، كوردسات، كەناڵ 8 لە بازگەی تاوكێ رێگریان لێكراوە بەرەو گردبونەوەكە بچن بۆ روماڵكردن پێان ووتون " قەدەغەیە بگەڕێنەوە".
سەنتەری میترۆئیدانەی ڕوداوەکەی کرد و ڕایگەیاند، خۆپیشاندان و گردبوونەوەی هاوڵاتیان بە یاسای رێكخستنی خۆپیشاندان، دەستوری عێراق، رێگە پێدراوە و روماڵكردنیشی بە یاسای رۆژنامەگەریش، پارێزراوە.
ئهوهشی روونكردوهتهوه كه ئەو هێزەی بۆ پاراستنی یاسا لە داهاتی گشتی مووچە وەردەگرن، لەبەرژەوەندی كۆمپانیا نەوتییەكان یاسا پێشێلدەكەن و نایانەوێ دەنگی ناڕەزایەتی كرێكارو كارمەندانی كۆمپانیاكان بگاتە رای گشتی.
سەنتەری میترۆ ئیدانەی یاسا شكێنی پۆلیسی پاراستنی كێلگە نەوتییەكانی تاوكێی سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دەكات و داوا لە وەزیری ناوخۆ دەكات لێپێچینەوە لە هەڵسوكەوتی ئەو هێزانە بكەن.
