لاهور شێخ جەنگى:سلێمانی هەمیشە داهێنەر و ڕچەشکێن بووە، بەڵام لە ڕووی خزمەتکردنەوە لە پاشەکشەدایە

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

لاهور شێخ جەنگی لە پەیامێکدا سەبارەت بە یادی دامەزراندنی شاری سلێمانی ڕایگەیاند، ململانێی سیاسی و دەسەڵاتی تاکڕەوی و ناڕەسەن و خۆسەپێنی، بوونەتە بارگرانی بەسەر سلێمانی، کە هەرگیز لە مێژوودا ئەم شارە قبووڵی نەکردووە.

ئەمڕۆ دووشەممە لاهور شێخ جەنگی لە یادى دروستکردنى شاری سلێمانیدا،  پەیامێکى بڵاوکردەوە و دەڵێت،" سلێمانی شارێکە کە هەمیشە داهێنەر و پێشەنگ و ڕچەشکێن بووە، بەڵام لە ڕووی ئاوەدانی و خزمەتکردنەوە لە پاشەکشەدایە، ململانێی سیاسی و دەسەڵاتی تاکڕەوی و ناڕەسەن و خۆسەپێنی، بوونەتە بارگرانی بەسەر سلێمانی، کە هەرگیز لە مێژوودا ئەم شارە قبووڵی نەکردووە."

لە درێژەی پەیامەکەیدا باسی لەوەشکردووە کە،" هەرگیز لە مێژوودا ئەم شارە قبووڵی نەکردووە و بەگژ هەموو غەدر و نادادی و نایەکسانی و چەوساندنەوەیەکدا چۆتەوە، ئەوەی غەدر لە سلێمانی و خەڵکە قوربانیدەرەکەی دەکات دیارە شارەزای مێژووی ئەم شارە نییە، کە چەندە دەنگێکی ئازا و ئازاد و دلێر بووە بەرامبەر بە هەموو دەسەڵاتێکی تاکڕەو و تاسەر لە کەسی قبووڵ نەکردووە."

دەقی پەیامەکەی لاهور شێخ جەنگی: 

سلێمانی تەمەنی بوو بە دووسەد و سی و نۆ ساڵ لە بنیادنان و خۆڕاگریی و قوربانیدان، بەڵام ئەم شارە هێشتا بێنازە و خەڵکە تێکۆشەرەکەی نیگەرانن و تینووی خزمەتگوزارین، سلێمانی کە زیاترە لە شارێک و گەورەترە لە هەموو ئەو ناو و پێناسانەی کە بۆی کراون، چونکە مێژووی خەبات و خوێندەواری و فیداکاریی سیاسیی و داهێنانی ڕۆژنامەوانی و فکری و ئەدەبی ئەو شارە لە ئاستێکدایە، کە بە بێ سلێمانی کەلێنێکی گەورە لە تێکڕای ئەو کایە سیاسی و ئەدەبی و فکری و ڕۆشنبرییە هەیە و هەمیشە لە مێژووی کۆن و نوێدا سلێمانی پڕی کردوونەتەوە.

سلێمانی هەمیشە دڵی زیندووی باشووری نیشتمان بووە و لە هەموو ئاستەکاندا جێگا پەنجەی نەخش و داهێنان و ڕچەشکێنی دیاربووە بە جۆرێک بێ سلێمانی کوردستان وەک نیشتمانێکی بێ خۆر وایە.

بەڵێ سلێمانی؛ شارێک کە هەمیشە داهێنەر و پێشەنگ و ڕچەشکێن بووە، بەڵام لە ڕووی ئاوەدانی و خزمەتکردنەوە لە پاشەکشەدایە، ململانێی سیاسی و دەسەڵاتی تاکڕەوی و ناڕەسەن و خۆسەپێنی، بوونەتە بارگرانی بەسەر سلێمانی، کە هەرگیز لە مێژوودا ئەم شارە قبووڵی نەکردووە و بەگژ هەموو غەدر و نادادی و نایەکسانی و چەوساندنەوەیەکدا چۆتەوە، ئەوەی غەدر لە سلێمانی و خەڵکە قوربانیدەرەکەی دەکات دیارە شارەزای مێژووی ئەم شارە نییە، کە چەندە دەنگێکی ئازا و ئازاد و دلێر بووە بەرامبەر بە هەموو دەسەڵاتێکی تاکڕەو و تاسەر لە کەسی قبووڵ نەکردووە.

بۆ من و دەیانیتر سلێمانی شاری وزە و ورە و خۆڕاگری و هەستانەوە و لە دایکبوونی جووڵانەوە و شۆڕش و نوێبوونەوەیە کە خۆری هیوا و ئایندەیەکی ڕوون بێت بۆ گۆڕانکاری و چاکسازی و خزمەتکردن و ئارامی و ئاوەدانی بۆ سلێمانی و تەواوی کوردستان، چونکە لە مێژوودا ئەم شارە حەیاتە مەڵبەندێک بووە بۆ شۆڕش و خەباتی نوێ و کوردپەروەری.

ڕۆڵ و پێگەی سەرکردە ژن و پیاوە دیارەکان و ڕووناکبیر و نووسەر و شاعیر و تێکۆشەر و کەسایەتییە هەڵکەوتووەکانی ئەم شارە لە مێژوودا نموونەبوون لە بەرەوپێشبردن و بونیادنانی سلێمانی و بە زیندووهێشتنەوەی ناوەکەی.

ئێمەش قەرزداری ئەم شارە شکۆمەند و خۆشەویستەین، میهرەبانیی سلێمانی لێمان دەخوازێت کە هەمیشە لەبەرەی گەل و ڕاستی و حەقدا بین و خۆمان ساز و ئامادە بکەین، لە قۆناغی داهاتوودا شان بدەینە بەر ئەرکێکی قورس بە پشتیوانیی خوای گەورە و بە هیممەتی هەمووان بۆ خزمەتکردن و ئاوەدانی و گەشەپێدانی سلێمانی کە لە ئاست گەورەیی و مەزنی خەبات و خوێنی شارەکەدا بێت و شایستە بێت بە مێژووە پرشنگدارەکەی لەگەڵ تەواوی ناوچەکانی تری کوردستان.

پیرۆزبێت یادی بنیادنانی شارە حەیاتەکە، شاری ھەڵمەت و قوربانی.

لاهور شێخ جەنگی

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار