مەسرور بارزانی: ئەگەری دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم هەیە

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی 

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، لەگەڵ شاندەکەی وەزارەتی نەوتی عێراق "تێگەشتنی باش"یان هەبووە و ئەگەری دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم هەیە.

ئەمڕۆ سێشەممە 14ی تشرینی دووەمی 2023، مەسرور بارزانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە ڤیستیڤاڵی پەیمانگەی هنورە جوانەکانی هەولێر رایگەیاند، "لەگەڵ شاندى عێراق گەیشتینە زۆر تێگەیشتنى باش، ئەگەرى دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوتى هەرێم هەیە، بەڵام دەبێت مافە دەستورییەکانمان دابین بکرێت."

بۆ چارەسەرکردنی پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم رۆژی یەکشەممە 12ـی تشرینی دووەمی 2023 شاندێکی باڵای وەزارەتی نەوتی عێراق بە سەرۆکایەتیی حەییان عەبدولغەنی، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری نەوتی فیدراڵ و شاندێکی یاوەری گەیشتنە هەولێر و لەلایەن کەمال محەممەد ساڵح، وەزیری سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە وەکالەت و بەرپرسانی حکومەتەوە پێشوازی لێ کرا.

لەسەر کۆبونەوەکان مەسرور بارزانی لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا وتی، "کۆبوونەوەیەکی باشمان هەبوو لەگەڵ وەزیری نەوتی عێراقی، ئەوەی لەسەر هەرێم بووە لەرووی کاری تەکنیکی یاخود یاسایی، هەرچی ئەرکی سەر حکومەتی هەرێمی کوردستان بووە، جێبەجێکراوە. هەمووشمان لەگەڵیان باس کرد، دەمێنێتەوە لەسەر ئەوەی کە مافەکانی خەڵکی کوردستان وەکو خۆی کە لە دەستووردا هاتووە، ئەوانیش رێز لەو مافانە بگرن و جێبەجێیان بکەن."

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار