ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم: ئامادەین لە زووترین کاتدا پرۆسەی هەناردەکردنی نەوت دەستپێبکەینەوە

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم کۆبوویەوە و لە کۆبونەوەکەدا تاووتوێی گفتوگۆکانی شاندی وەزارەتی نەوتی عێراق لەگەڵ حکومەتی هەرێم کرا و رایگەیاند، حکومەتی هەرێم ئامادەیە لە زووترین کاتدا، پرۆسەی هەناردەکردنی نەوت دەست پێ بکاتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی بکۆبوویەوە و تێیدا ئەنجامی گفتوگۆی هاوبەشی نێوان وەزارەتی نەوتی حکومەتی فیدراڵ و شاندی هەرێم سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لەلایەن سەرۆکوەزیران و وەزیرە پەیوەندیدارەکانەوە خرایەڕوو.
ڕۆژی یەكشەممە 11-12-2023 وەفدێكی وەزارەتی نەوتی عێراق سەردانی هەرێمی كوردستانی كرد و سێ ڕۆژ مایەوە، وەفدەكە جگە لەسەرۆكوەزیرانی هەرێم و وەزیری سامانە سروشتیەكان بەوەكالەت، لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان و كۆمپانیا نەوتیەكانیش كۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، مەسرور بارزانی جەختی لەوە کردەوە، "لە چوارچێوەی دەستوور و ڕێزگرتن لە دەسەڵات و مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان، حکومەتی هەرێم ئامادەیە لە زووترین کاتدا، پرۆسەی هەناردەکردنی نەوت دەست پێ بکاتەوە و هیوادارین لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵیش پەلە بکەن لە تەواوکردنی ئامادەکارییەکانی دەستپێکردنەوەی پرۆسەکە."
دواتر لە کۆبونەوەکەدا باس لەوە کرا کە بەهۆی ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم چەندین ملیار دۆلار زیان لە گەنجینەی گشتی کەوتووە، لە هەمان کاتدا ئەنجومەنی وەزیران جەختی لە پاراستنی ماف و شایستەکانی هەرێمی کوردستان کردەوە و شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستانی ڕاسپارد کە لە چوارچێوەی دەستوور لە هەوڵ و گفتوگۆکانیان بەردەوام بن.
بەپێی زانیارییەکانی هاوڵاتی، حکومەتی هەرێم بەهۆی راگرتنی هەناردەی نەوتەوە لە 25ی ئازاری ئەمساڵەوە زیاتر لەحەوت ملیار دۆلار زیانی كردووە.
بەپێی بەدوادووچوونەکانی هاوڵاتی، كە لەچەند سەرچاوەیەك وەریگرتوون و دوانیان لەوەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمن، هێشتا رێككەوتن لەنێوان هەرێم و بەغدا بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم ئەنجامنەدراوە، هەر لەبەر ئەو هۆكارەش وەفدەكەی عێراق چەندڕۆژێك لەهەرێم ماونەتەوە، یەكێك لەهۆكارەكانیش ئەوەیە هەرێم داوایكردووە تێچووی بەرهەمهێنانی بەرمیلێك نەوتی هەرێم لەنێوان 20 بۆ 22 دۆلار بێت، بەڵام وەفدەكەی عێراق پێشنیازەكە دەبەنەوە بۆ سەرۆكوەزیران و پاشان وەڵامی هەرێم دەدەنەوە.
