وتەبێژی پارتی: لادانى سەرۆکى دەسەڵاتى یاسادانان ئاڵۆزییەکان قووڵتر دەکاتەوە
.jpg)
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
وتەبێژى پارتى دیموکراتى کوردستان رایگهیاند، بارودۆخى عێراق و ناوچەکە بەجۆرێک شێواوە کە پێشبینى هەژانێکى گەورە دەکرێت و پێویسته پێکهێنەرەکانى هاوپهیمانی بهڕێوهبردنی دهوڵهت بهرپرسیارانه مامهڵه بكهن بهتایبهتی كه لادانى محهمهد حهلبوسی، سەرۆکى دەسەڵاتى یاسادانان "ئاڵۆزیەکان زیاتر و قوڵتر دەکاتەوە".
مەحمود محەمەد، وتەبێژى پارتى دیموکراتى کوردستان ئهمڕۆ پێنجشهممه له راگهیهندراوێكدا دەڵێت، "بارودۆخى عێراق و ناوچەکە بە جۆرێک شێواوە کە پێشبینى هەژانێکى گەورە دەکرێت؛ لەم دۆخەدا بەرپرسیارییەتیی سەرشانى سەرجەم هێز و لایەنە عێراقییەکان بە گشتى و، لایەنە پێکهێنەرەکانى هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەتە بەتایبەتى، وردتر هەڵسەنگاندن بۆ ڕەوشەکە بکەن".
ئاماژهی بهوهشكردوه، چاوەڕوانییەکان ئەوەبون ئەو ئاڵۆزى و کێشانەى کە هەن چارەسەر بکرێن نەک بابەتى زیاتریان لەسەر کەڵەکەبکرێت بەجۆرێک کە ئاشتى کۆمەڵایەتى و سەقامگیرى دەخاتە مەترسییەوە.
ڕاگەیەندراوەکەی پارتی لەکاتێکدایە، رۆژی سێشەممە، 14-11-2023، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، بە تۆمەتی "ساختەکردنی واژۆی پەرلەمانتار لەیس دلێمی" ئەندامێتیی محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراقی هەڵوەشاندەوە.حەلبوسیش بڕیارەکەی ڕەتکردەوە و وتی، "دادگای فیدراڵی دەستووری پێشێلکردووە".
دەقی راگەیێندراوی وتەبێژى پارتى دیموکراتى کوردستان:
بارودۆخى عێراق و ناوچەکە بەجۆرێک شێواوە کە پێشبینى هەژانێکى گەورە دەکرێت، لەم دۆخەدا بەرپرسیاریەتى سەرشانى سەرجەم هێز و لایەنە عێڕاقییەکان بەگشتى و، لایەنە پێکهێنەرەکانى ئیئتیلافى ئیدارەى دەوڵەتە بەتایبەتى، وردتر هەڵسەنگاندن بۆ ڕەوشەکە بکەن بەتایبەتى ڕوداوى دوا بڕیارى دادگاى فیدراڵى عێڕاق لەبارەى لادانى سەرۆکى دەسەڵاتى یاسادانان کە ئاڵۆزیەکان زیاتر و قوڵتر دەکاتەوە، ئەمە لەکاتێکدا چاوەڕوانییەکان ئەوەبوون ئەو ئاڵۆزى و کێشانەى کە هەن چارەسەر بکرێن نەک بابەتى زیاتریان لەسەر کەڵەکەبکرێت بەجۆرێک کە ئاشتى کۆمەڵایەتى و سەقامگیرى دەخاتە مەترسییەوە.
پارتیمان، بە پەرۆشەوە لە ڕەوشەکە دەڕوانێت و نیگەرانى دواین پەرەسەندنە سیاسییەکانین، بۆیە بە پێویستى دەزانین دۆخى عێراق لە ڕووى سیاسى، ئەمنى، ئابوورى و، ئەگەرە چاوەڕوانکراوەکانى ناوچەکەوە لەبەرچاوبگیرێت و، بەرپرسیارانە هەنگاو بنرێت بۆ ڕێکخستنەوەى بارودۆخەکە لە ڕوانگەى دەستوورى هەمیشەیی و، جێبەجێکردنى ماددە و بڕگەکان و پڕنسیپەکانى ڕێککەوتنى ئیئتیلافى ئیدارەى دەوڵەت و کارنامەى حکومەتى فیدراڵى، بە تایبەتى بڕگەکانى پەیوەست بە ئەنجوومەنى فیدراڵى و دادگاى فیدراڵى. هەروەها بگەڕێینەوە بۆ بنەماکانى بونیاتنانى عێڕاقێکى نوێ (شەراکەت، تەوافق، تەوازن) و سەروەرى دەستوور بچەسپێنرێت کە تاکە زامنى پێکەوەژیان و سەقامگیرى و پێکەوەیى عێراقە.
مەحمود محەمەد
گوتەبێژى پارتى دیموکراتى کوردستان
16-11-2023
