بارانی بەخوڕ رێگەیەک دەگرێت و زیان بە ژمارەیەک ماڵ لە ئاکرێ دەگەیەنێت

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی 

شەوی رابوردوو بارانێکی بەخوڕ سەنتەری ئاکرێ و ناحیەی قەسرۆکی گرتەوە کە بەهۆیەوە ئاو چووە ناو هەندێک ماڵ، هاوکات کۆمەڵێک بەردی گەورە لەچیاییەک لەسەر رێگای نێوان ناحیەی دینارتە و سەنتەری ئاکرێ کەوتنەخوارەوە و رێگای گەلی زەنتەیان گرت.

عەقید ئیبراهیم فەریق، بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی ئاکرێ بە هاوڵاتی راگەیاند، "شەوی رابوردوو بەهۆی بارانی بەخوڕ ئاو چووەتە چەند ماڵێک لەسەنتەری ئاکرێ، هەرزوو تیمەکانمان گەیشتنە شوێنەکە ، توانیان ئەو ماڵانە لەمەترسی بارانی بەخوڕ رزگاربکەن، زیانی گیانی وبرینداربوون نەبووە تەنها کەل وپەلەکانی تەڕبوونە هەروەک لەوێنەکان دیارە."

لەبارەی رێگای گەلی زەنتە لەنێوان ئاکرێ و ناحیەی دینارتە کە چەند بەردێک لەچیا کەوتووبوونەتە سەر شەقام، سەربەست سەبری، بەڕێوەبەری ناحیەی دینارتە بە هاوڵاتی راگەیاند،  "شەوی رابوردوو کۆمەڵێک بەرد لەچیا کەوتووبوونەخوار، بەردەکان جورا جۆر بوون گەورە و بچووک، هەر شەوی رابوردوو شارەوانی دینارتە جادەکەیان خاوێن کردوە و ئێستا هاتوچووکردن لەگەلی زەنتە ئاساییە."

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار