رێکخراوی هەنگاو: دوای سەردانی سەرۆککۆماری ئێران بۆ بانە تەقەکردن لە کۆڵبەران زیادیکردووە

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی 

رێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، دوای سەردانی ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆککۆماری کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ شاری بانە، تەقەکردن لە کۆڵبەران لەلایەن هێزەکانی ئێرانەوە زیادی کردووە بەجۆرێک لە ماوەی دوو هەفتەدا سێ کۆڵبەر کوژراون و ٤٠ کۆڵبەریش برینداربوون.

رێکخراوی هەنگاو دەڵێت، لە زۆربەی حاڵەتەکاندا ئەفسەرێکی پلەباڵای هێزە چەکدارەکانی ئێران بە ناوی مەهدی محەممەدی، بڕیاری تەقەکردن لە کۆڵبەرانی داوە و لە جەند رۆژی رابردوو شەش کۆڵبەر بە تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی ئێران برینداربوون.

بەپێی ئەو راپۆرتانەی دەست رێکخراوی هەنگاو کەوتووە؛ شەوی هەینی 17ی تشرینی دووەمی 2023، فەرزاد حوسێنی، کۆڵبەرێکی تەمەن 17 ساڵ و خەڵکی گوندی "ئالیار"ی سەر بە شاری سەقز، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە سنووری "هەنگەژاڵ"ی بانە بریندار بووە. هەر لەو شەوەدا حەمیدرەزا حافیزی، تەمەن ١٨ ساڵ و خەڵکی شاری سەقزی و سولەیمان ئەمینی تەمەن ٢٨ ساڵ و خەڵکی شاری بانە، بە تەقەی راستەوخۆی هێزە سنوورییەکان بریندار بوون و بە هۆی قووڵی برینەکانیانەوە گواستراونەتەوە بۆ ناوەندە تەندروستییەکان و لە ژێر چاودێری پزیشکیدان.

پێشتریش، واتە شەوی چوارشەممە، 15ی تشرینی دووەم، بارزان عوسمانی، کۆڵبەرێکی مێرمنداڵی تەمەن 17 ساڵ کە خەڵکی شاری سەقزە، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران دیسان لە سنووری هەنگەژاڵ بریندار بووە. ئەم مێرمنداڵە کۆڵبەرە کە بە چەکی ساچمەیی سەر و مل و شانی پێکراوە و بریندار بوو، بە مەبەستی تیمارکردن و چارەسەریی پزیشکی بۆ ناوەندە تەندروستییەکان گواستراوەتەوە.

هەروەها هەر لەو شەوەدا دوو هاوڵاتی تری خەڵکی شاری سەقز بە ناوەکانی دیاکۆ رەمەزانی تەمەن 25 ساڵ و حامید موحەممەدزادە تەمەن 22 ساڵ، خەڵکی گوندی ئالیاری سەر بە شاری سەقز، بە تەقەی راستەوخۆی هێزەچەکدارەکان بریندار بوون و باری تەندروستی حامید محەممەدزادە ناجێگیرە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار