شاخەوان عەبدوڵا: لیوای 20ی هاوبەش دەستبەکار دەبێت و لەسەرەتای مانگی داهاتوو مووچە وەردەگرن

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
شاخەوان عەبدوڵا، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند بڕیاری دەستبەکاربوونی لیوای 20ی هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عیراق دراوە و بریارە لە سەرەتایی مانگی داهاتوو مووچە وەربگرن.
شاخەوان عەبدوڵا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک رایگەیاندووە، لەگەڵ عەبدولئەمیر یارەڵلا، سوپاسالاری عێراق کۆبووەتەوە و سەبارەت بە لیوای 20ی هاوبەش بڕیاردراوە کە "تەواوی گرفتەکان وەلابنرێن و فەرمانی دەستبەکاربوونیان بۆ دەربچێت."
جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان ئەوەشی ئاشکرا کردووە کە بڕیاردراوە لیوا هاوبشەکە تا 1ی 12 پەیوەندی بکەن و مووچەی ئەو مانگەشیان پێ بدرێت.
لیوای 20 ئەو هێزە هاوبەشەیە کە لە ئابی 2021 لەنێوان وەزارەتی پێشمەرگە و سوپای عێراق بڕیاری دروستکردنی درا بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە ئەمنییانەی کە لەنێوان هەردوولادا هەیە و چەکدارانی داعش دەیقۆزنەوە. هێزەکە سێ هەزار و 700 پێشمەرگەی تێدایە و مووچەکانیان لەسەر وەزارەتی بەرگری عێراق دەبێت.
بەپێی وتەی شاخەوان عەبدوڵا، لە چەند کاتژمێری داهاتوودا ناوی پێشمەرگە و سەربازانی سوپای عێراق لە هێزەکە لەلایەن وەزارەتی بەرگرییەوە رادەگەیەنرێت و هەر کەموکورییەک هەبێت دوای دەستبەکاربوونیان چارەسەر دەکرێت.
