دۆسیەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق تاوتوێکرا

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دۆسیەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی بەندەری جەیهانەوە خرایە بەردەم سوودانی، وردەکارییەکانی دۆ سییەکە تاوتوێ کران.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق محەممەد شیاع سوودانی بڵاوی کردەوە، بەیانی ئەمڕۆ کۆبوونەوەی ئاسایی بۆ بەدواداچوونی وەزارەتی نەوت و پرۆژەکانی نەوت، و پێشکەوتنی ڕێکارەکانی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم و کەرتی نەوت لە عێراق تەوەری کۆبوونەوەکە بووە، جەخت لە بەرەو پێشبردنی پرۆسەکە کراوەتەوە.
کورتەیەک لە ئەنجامی ئەو گفتوگۆیانەی لە نێوان وەزارەتی نەوت لە حکومەتی فیدراڵی و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق ئەنجام دراون، بەمەبەستی تەواوکردنی ڕێکارەکان بۆ دووبارە هەناردەکردنی نەوتی خاو لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە، گفتوگۆی لەبارەوە کراوە.
جێگای سەرنجە لە دوای مانگی نیسانی ئەمساڵ، هەناردەی نەوت لە هەرێمی کوردستان و پارێزگاری کەرکووکەوە بۆ بەندەری جەیهان لە تورکیا ڕاگیرا، ئەمەش لە پاشخانی بڕیارێکی دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی پاریس هات سەبارەت بە نادەستووری هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی بەندەری جەیهانەوە.
