پارێزگاری سلێمانی: سبەی پشووی فەرمییە

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
هەڤاڵ ئەبوبەکر، پاریزگاری سلێمانی پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، بەهۆی ئەوەی پیشبینی بارینی بارانێکی زۆر دەکرێت، هەموو فەرمانگەکانی سنوری پارێزگاکەی راسپاردووە کە "لەخزمەتی هاوڵاتییاندا" بن، دەشڵێت، "سبەی پشووی فەرمی دەبێت."
هەڤاڵ ئەبوبەکر لە پەیامەیەکەیدا دەڵێت، "بەپێی ئەو پێشبینیی و ئاماژانەی لە وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە پێمانگەیشتوون؛ ئەگەری بارانی زۆرو بەخوڕ هەیە، هەموو فەرمانگا پەیوەندیدارەکانی سنوری پارێزگای سلێمانیمان ڕاسپاردووە وەک هەمیشە؛ لە خزمەتی هاووڵاتیاندا دەبن."
پارێزگاری سلێمانی باس لەوەش دەکات، "دەسەڵاتمان بەخشیوەتە هەموو سەرۆکی یەکە کارگێڕییەکانی سنوری پارێزگاکەمان؛ کە لە هەر دۆخێکی پێویستدا، بەپێی تایبەتمەندیی ناوچەکەیان و ئەو دۆخانەی دێنە پێشەوە، بەڕاوێژو هەماهەنگیی لەگەڵ فەرمانگا پەیوەندیدارەکانی سنورەکەیاندا؛ بڕیاری پێویست لە بەرژەوەندیی هاووڵاتیان بدەن."
لە کۆتایی پەیامەکەیدا هەڤاڵ ئەبوبەکر داوا لە هاوڵاتیان دەکات هاوکاری فەرمانگە و تیمە خزمەتگوزارییەکان بن و " پابەندی ڕێنماییەکانی شارەوانیی و هاتوچۆو بەرگریی شارستانیی و لایەنە پەیوەندیدارە فەرمییەکانیتربن، پەیوەست بە سبەینێ، لەسەر ڕاوێژو بڕیاری سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان و پارێزگارەکان؛ پشووی فەرمیی دەبێت."
