سودانی بەمەرج ئامادەیە ڕاستەوخۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەڕێگەی كارتی بانكییەوە بنێرێت

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
لەوەڵامی چەند فراكسیۆنێكی كوردستانیدا، سەرۆكوەزیرانی عێراق ڕەزامەندی نیشانداوە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم ڕاستەوخۆ و لەڕێگەی كارتی بانكیەوە بنێرێت، بەڵام چەند مەرجێكی دیاریكردووە.
بە پێی نوسراوێك كە لە رۆژی 13/11/2023 نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق ئاراستەی ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی كردووە سەبارەت بە موچەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان هاتووە: سەرۆك وەزیرانی عێراق رەزامەندە لەسەر ئەوەی ئەگەر حكومەتی هەرێمی كوردستان لیستی موچەو زانیاری فەرمانبەرانی هەرێم بداتە حكومەتی عێراق ئەوا حكومەتی عێراق راستەوخۆ موچە دەخاتە سەر هەژماری بانكی موچەخۆرانی هەرێم.
بەپێی نوسراوەكەی نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق تەمویلی موچەی موچەخۆرانی هەرێم لە پشكی هەرێم لەناو یاسای بودجەدا دیاریكراوەو پێدانی موچەی موچەخۆرانی هەرێم لە بەشە بودجەی هەرێم دەبردرێت.
لە مانگی ئۆكتۆبەری رابردوو دا بە واژۆی سەرۆكی فراكسیۆنەكانی (نەوەی نوێ، یەكێتی، یەكگرتوو، كۆمەڵ) داوا لە سەرۆك وەزیرانی عێراق كرا كە راستەوخۆ موچەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بنێرێت، بەڵام حكومەتی هەرێم نیگەرانی دەربڕی و ڕایگەیاند دەبێت لەڕێگەی دامەزراوەكانیەوە بێت.
