لە دوای سەردانەکەی سەرۆکی ئێران بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستڕێژی گولە بۆ سەر کۆڵبەران زیادیکردووە

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

درەنگانی رۆژی سێشەممە ٢١ی تشرینی دووهەم، ٩ کۆڵبەر لە سنووری هەنگەژاڵی بانە، بە  تەقەی راستەوخۆی هێزە سنوورییەکان بریندار بوون و رۆژی چوارشەممە یەکێک لەو کۆڵبەرانە بە ناوی ئەسعەد حەسەنپوور، خەڵکی ئاوایی جافرخانی سەقز، بە هۆی قووڵی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا.

بە پێی هەواڵی ماڵپەڕی کۆڵبەر نیوز، ٩ کۆڵبەر بە ناوەکانی، ئیسماعیل ڕەحیمی، ئەسعەد حەسەنپوور، سەلام و جەوهەر، خەڵکی شاری سەقز، مەهدی جەمالی، تەمەن ٢٨ ساڵ و خەڵکی بانە، سیامەند، موراد و شاهین، خەڵکی بۆکان و محەممەد، خەڵکی سنە بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە سنووری بانە بریندار بوون و یەکێک لەو کۆڵبەرانە بە ناوی ئەسعەد حەسەنپوور، کە فیشەک بەر سکی کەوتبوو گەیەندرابووە نەخۆشخانە و سەرەنجام رۆژی چوارشەممە بە هۆی قووڵی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا.

هەروەها  رۆژی چوارشەممە ٢٢ی تشرینی دووهەمیش، تەرمی کۆڵبەرێک بە ناوی رەحمان مەعرووفی، خەڵکی "گزگسک"، سەر بە پیرانشار، دۆزرایەوە. دەوترێت ئەم کۆڵبەرە بە هۆی سەرماوە گیانی لەدەستداوە.

جێگەیباسە لە دوای سەفەری ئیبراهیم رەئیسی لە رۆژی ٢ی تشرینی دووهەم  بۆ پارێزگای سنە، دەستڕێژی هێزەچەکدارەکان بە تایبەت لە کۆڵبەرەکان زیاتر بووە، رۆژی ١٨ی تشرینی دووهەم، ماڵپەڕی هەنگاو لە راپۆرتێکدا ئاماژەی بەوە دا کە لە ماوەی ٢ هەفتەدا دوای سەفەری رەئیسی بۆ کوردستان ٤٣ کۆڵبەر لە سنووری بانە کوژراون و بریندار بوون.

هەر لەم پەیوەندەدا رۆژی ١٨ی تشرینی دووهەم ٣ کۆڵبەر لە سنووری بانە بریندار بوون و گەیەندرانە نەخۆشخانە. بە پێی ئەم زانیاریانە لە ماوەی ١٩ رۆژدا ٥٥ کۆڵبەر لە سنووری بانە کوژراون و بریندار بوون.

بێکاری و نەبوونی دەرفەتی کار، وایکردووە خەڵک لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان روو بکەنە کۆڵبەری و  زۆرجار بە دەستڕێژی راستەوخۆی هێزەچەکدارەکان گیانیان لە دەست ئەدەن یان بریندار ئەبن.

کۆڵبەریی تەنیا تایبەت بە خەڵکی ناوچە سنوورییەکان نییە، بەڵکو بەهۆی دۆخی خراپی ئابوورییەوە زۆر کەسی خەڵکی شار و گوندەکانی دوورتر لە سنووریش لە رێگەی کۆڵبەرییەوە هەوڵ بۆ دابینکردنی بژێویی ژیانیان دەدەن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار