وەزیری دەرەوەی ئێران: ئەگەر ئاگربەست درێژە نەکێشێت جەنگ پەرەدەستێنێت

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
حوسێن ئەمیر عەبدوڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، ئەگەر ئاگربەستی نیوان حەماس و ئیسرائیل درێژ نەکرێتەوە ئەوا ئەگەری هەیە جەنگ پەرە بستێنێت و بەرەیکی تری جەنگ بکرێتەوە.
حیزبوڵڵای لوبنان رۆژی پێنج شەممە ٢٣ی تشرینی دووەمی 2023، رایگەیاند حسێن ئەمیر عەبدوڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران لەگەڵ حەسەن نەسروڵڵا ، رێبەری ئەو حیزبە کۆبووەتەوە و لەدوای کۆبوونەوەکە عەبدوڵاهیان بە کەناڵی مەیادینی لوبنانی راگەیاندووە، "ئەگەر ئاگربەست درێژە نەکێشێت، جەنگ پەرە ئەستێنێ و ناوچەکە ئەگرێتەوە."
وەزیری دەرەوەی ئێران باسی لەوەش کردووە، "پێشتر جیهانمان لەمە ئاگادار کردبوەوە ئەگەر تاوانەکان رانەگیرێن، گروپەکانی تری بەرەی بەرگری دێنە ناو جەنگەکەوە."
راگرتنی کاتی جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیل بڕیاربوو رۆژی پێنج شەممە ٢٣ی تشرینی دووەم دەست پێبکات، بەڵام لە دوایین ساتەکاندا گۆڕانکاری بەسەردا هات و وەزارەتی دەرەوەی قەتەر ئاشکرایکرد کە ئاگربەستەکە سبەی هەینی دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە و دوانیوەڕۆی هەمان رۆژ 13 بارمتەی ئیسرائیل ئازاد دەکرێن.
حسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران رۆژی پێنج شەممە دوای کۆبونەوە لەگەڵ حەسەن نەسروڵڵا لە لوبنان، بەیروتی بەرەو دۆحەی پایەختی قەتەر جێهێشت بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە.
ئەمە پێنجەمین سەردانی ئەمیر عەبدوڵاهیانە بۆ وڵاتی قەتەر لەو کاتەوەی بووەتە وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە. عەبدوڵاهیان لە سەردانی پێشویدا لە دۆحە لەگەڵ ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەب سیاسی حەماس کۆبوەوە.
حەماس یەکێکە لەو گروپانەی لەلایەن ئێرانەوە پشتگیری دەکرێت و ئەمریکا و یەکێتی ئەورووپا ئەم گروپەیان خستووەتە لیستی تیرۆرەوە.
