مامۆستایانی ناڕازی بۆ حکومەتی هەرێم: بە خۆپیشاندانێکی مەزن و چاوەڕوان نەکراو وەڵامی بێ باکیتان دەدەینەوە

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

دەستەی مامۆستایانی ناڕازی پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵیت، بەردەوام دەبن لە بایکۆت و دوای 75 رۆژ سەرۆکی حکومەتی هەرێم "بیباکە" لە داواکارییەکانیان، دەشڵێت، "بە خۆپیشاندانێکی مەزن و چاوەڕوان نەکراو وەڵامی بێ باکیتان دەدەینەوە."

دەستەی مامۆستایانی ناڕازی لە پەیامەکەیدا رایگەیاندووە، سەرۆکی حکومەت و جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان "دەیانەوێت لەڕێگای بەڕێوەبەری پەروەردەکانیان فشار بکەن بۆ کردنەوەی دەرگای ناوەندەکانی خوێندن بەبێ جێبەجێکردنی هیچ کام لەداواکاریەکانمان، ئەم هەوڵە بێ باکانە نەک ساردمان ناکاتەوە ، بەڵکو سوورترمان دەکات لەسەر داکۆکی لەماف و داواکاریەکانمان، لەهەمانکاتدا بەخۆپیشاندانێکی مەزن و چاوەڕوان نەکراو وەڵامی بێ باکیتان دەدەینەوە."

دەقی پەیامەکەی دەستەی مامۆستایانی ناڕازی:

بۆ ڕای گشتی کەناڵەکانی ڕاگەیاندن

بابەت / بایکۆت بەردەوام دەبێت .

بەڕێزان ، مامۆستایانی مافخوراوی هەرێمی کوردستان ئاشکرایە دوای زیاتر لە ٧٥ ڕۆژ لەبایکۆتی پڕۆسەی خوێندن سەرۆکی حکومەت و جێگری سەرۆکی حکومەت نەک هەر گوێیان نەگرت ، بەڵکو خەمساردانە و بێ باکن لە ئاست پڕۆسەی خوێندن و قوتابیان و خوێندکارانیان دەڕوانی بۆ جارێکیش لەنزیکەوە گوێیان نەگرت!

ئێستاش دەیانەوێت لەڕێگای بەڕێوەبەری پەروەردەکانیان فشار بکەن بۆ کردنەوەی دەرگای ناوەندەکانی خوێندن بەبێ جێبەجێکردنی هیچ کام لەداواکاریەکانمان.

ئەم هەوڵە بێ باکانە نەک ساردمان ناکاتەوە ، بەڵکو سوورترمان دەکات لەسەر داکۆکی لەماف و داواکاریەکانمان، لەهەمانکاتدا بەخۆپیشاندانێکی مەزن و چاوەڕوان نەکراو وەڵامی بێ باکیتان دەدەینەوە .

بۆیە ئێستاش زووە بۆ قەرەبوو کردنەوەی خوێندن و کردنەوەی دەرگای ناوەندەکانی خوێندن ، ئەگەر ئێوە دەست هەڵگرن لەعینادی و داهاتی ناوخۆ و داهاتی خاڵە سنوریەکان و داهاتی تەنکەرە ناوتیەکانتان بکەنە قوربانی بۆ بەردەوامی پڕۆسەی خوێندن .

داواکارین لەسەرجەم مامۆستایانی مامۆستایان { دامەزراو ، وانەبێژ } کەسوکاری قوتابیان و خوێندکاران بۆ ماف و داهاتووی ڕۆڵەکانتان پشتیوان و پشتگیرمان بن.

دەستەی نوێنەرانی ناڕازی لە هەرێم

٢٣ ی ١١ ی ٢٠٢٣ زاینی

پێنج شەممە

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار