سبەی لەسەر ئاستی باڵا یەکێتی سەردانی گۆڕان، یەکگرتوو و کۆمەڵ دەکات

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بڕیاره سبەینێ شممه وەفدێكی باڵای یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە سەرۆكایەتی بافڵ تاڵەبانی سهردانی بزوتنەوەی گۆڕان و یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان و كۆمەڵی دادگەریی بكات.
ماڵپهڕی فهرمیی یهكێتی بڵاویكردهوه: "وەفدەكەی یەكێتی سەرەتا لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان كۆدەبێتەوە و دواتر لەگەڵ ھەریەكە لە كۆمەڵی دادگەریی و یەكگرتووی ئیسلامی كۆدەبێتەوە".
ئاشكراشیكردوه كه ئەندامانی وەفدی یەكێتی پێكدێن لە بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان و د. خەسرەو گوڵ، نوێنەری سەرۆكی یەكێتی بۆ هەرسێ ئەنجومەنی سەركردایەتی و ئەنجومەنی بەرژەوەندییە باڵاكانی یەكێتی و ئەنجومەنی پشتیوانی و رەفعەت عەبدوڵا و دەرباز كۆسرەت رەسوڵ و شاڵاو عەلی عەسكەری و عیماد ئەحمەد ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی یەكێتی و سالار سەرحەد، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی.
بە گوێرەی زانیارییەکان، لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکانی یەکێتی لەگەڵ ئەو لایەنانە، دۆخی سیاسیی هەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکانی یەکێتی و ئەو لایەنانە ئەجێندای کۆبوونەوەکانیان دەبێت، هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا، شاندەکەی یەکێتی دەرئەنجامی کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ پارتی لەگەڵ گۆڕان، یەکگرتوو و کۆمەڵ دەخاتەڕوو.
