سزایەکی نوێ بەسەر کۆڕەک تیلیکۆمدا سەپێنرا

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم رایگەیاند دەستی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق بڕیاریداوە پەیوەندییە نیودەوڵەتییەکانی کۆمپانیاکە بپچڕێنێت.
کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم لە راگەیەنراوێکدا ئاشکرایکرد، دەستەکە وەزارەتی پەیوەندییەکانی ئاگادارکردووەتەوە بۆ راسپاردنی کۆمپانیای گشتی پەیوەندییەکان و زانیاری بەمەبەستی پچڕاندنی تەواوی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم.
لە راگەیاندراوەکەدا باس لەوەش کراوە لیژنەی گواستنەوە و گەیاندنی ئەنجومەنی نوێنەران وەزارەتی گەیاندنی پابەندکردوە بە راگرتنی ھەموو ڕێکارەکانی پەیوەست بە پچڕاندنی پەیوەندییەکان و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی کۆمپانیاکە.
هەروەها ئاماژەش بەوە کراوە کە، دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق یەکێک لە کەناڵە تەلەفزیۆنییەکانی ئاگادارکردووەتەوە لە بەردەوامی پەخشکردنی ڕیکلامی کۆمپانیاکە، دۆسیەی پابەندییە داراییەکانی کۆمپانیاکە کۆتایی دێت.
ئەمە لەکاتێکدایە کە ئەمڕۆ شەممە 25ی تشرینی یەکەمی 2023، سەرچاوەیەک لە کۆمپانیاکە بە میدیا پارتی راگەیاندووە کە دەستەی راگەیاندنی پەیوەندییەکانی عێراق بڕیاریداوە، کە دەبێت کۆڕەک تیلیکۆم بە ماوەی 15 رۆژ، هەموو قەرزەکانی بداتەوە، بۆ ئەم مەبەستە لیژنەیەک پێکنهێنراوە و پەیوەندیی کۆڕەک لەگەڵ هێڵەکانی دیکە لەناوخۆ ئاسایی دەبێتەوە.
قەرزری کۆمپانیاکە 800 ملیۆن دۆلارە و بەهۆی ئەو قەرزە کەڵەکەبووەوە لەسەر کۆمپانیاکە رۆژی 1ی 11ی 2023 دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق، ھەردوو کۆمپانیای ئاسیاسێڵ و ئەسیری ئاگادارکردەوە، ھەموو پەیوەندییەکانیان لەگەڵ کۆمپانیای کۆڕەک رابگرن، تا ئەو کاتەی کۆمپانیای کۆڕەک ھەموو پابەندییەکانی جێبەجێ دەکات.
