لە بازگەی کەرکوک ڕێگری لە مامۆستایان دەکرێ بۆ ئەوەی بچنە بەغدا

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

لە چەند بازگەیەک لە کەرکوک، رێگری لە چوونی مامۆستایانی ناڕازی دەکرێت بەرەو بەغدا و بەهۆیەوە مامۆستایان رێگای کەرکوک- سلێمانیان داخست.

ماوەی مانگێکە مامۆستایان و فەرمانبەران لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمەوە دژی دواکەوتن و پێنەدانی مووچەکانیان ناچنەوە دەوام و هۆڵەکانی خوێندن و هەفتەی رابردووش رایانگەیاند، حکومەت بێدەنگە لە ئاستی مافەکانیان و وەڵامیان ناداتەوە، هەر بۆیە دەچنە بەغدا و داواکارییەکانیان بە حکومەتی عێراق دەگەیەنن.

لەو بارەیەوە پەیامنێری هاوڵاتی باسی لەوە کرد، لە تەواوى بازگەکانەوە رێگریی لە چونى مامۆستایان بۆ شارى بەغداد دەکرێت

ئاماژەى بۆ ئەوەشکرد کە لە ئێستادا مامۆستایان رێگاى بانى مەقان- چەمچەماڵیان گرتوە و ناڕەزایەتیی دەردەبڕن دژى ئەو رێگرییە و وەک مامۆستایان ئاماژەی پێدەکەن مۆڵەتی ڕەسمییان هەیە.

هاوکات بە گوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری هاوڵاتی لە زاری مامۆستایانەوە زیاتر لە ٣١ پاسی گەورە (مەنشەئە) ، کە بە مەزەندە هەزار مامۆستا بەڕێوەیە بۆ مەیدانی تەحریر لە ڕێگەی کەرکوکەوەو ژمارەیەکی دیکەشیان لە چەند بازگەیەکی دیکەوە لە ڕێگەن.

سەبارەت بە هۆکاری ڕێگەپێنەدانیان مامۆستایەک بە هاوڵاتی ڕاگەیاند، " هیچ کێشەیەکی مۆڵەتمان نییەو لە بەغداوە مۆڵەتمان وەرگرتووە". 

وتیشی، "ڕێگە پێنەدانمان بۆ تێپەڕبوون لە بازگەکان دەستێکی حزبیی لە پشتەوەیە".

ئەوەش لە کاتێکدایە، مامۆستایانى ناڕازیی و مامۆستایانى وانەبێژى هەرێمى کوردستان دواى ئەوەى زیاتر لە دوو مانگە بایکۆت و ناڕەزایەتییەکانیان بەردەوامە، هەفتەى رابردو بڕیاریاندا کە ئەمڕۆ یەکشەممە ناڕەزایەتییەکانیان بگەیەننە شارى بەغداد و لە گۆڕەپانى ئازادییەوە داواکانیان بگەیەنن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار