پۆلیسی سلێمانی بۆ هاوڵاتی: مردنی تاهیری خەلیلی هیچ گومانێك هەڵناگرێت

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

نیوەڕۆی ئەمڕۆی ئەمڕۆ هەواڵی كۆچی دوایی هونەرمەند تاهیری خەلیلی كە خەڵكی ڕۆژهەڵاتی كوردستانە لەسلێمانی بڵاوبوەوە، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی دەڵێت مردنەكەی ئاسایی بووە و پزیشكی دادوەری ڕاپۆرتی بۆ كردووە.

دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ سه‌نته‌ری فریاكه‌وتنی خێرای فریاكەوتنی ته‌ندروستی سلێمانی ئاشكرایكرد دوای ئاگاداركردنه‌وه‌یان به‌بونی ته‌رمێك له‌ماڵێكدا له‌گه‌ڕه‌كی ڕاپه‌ڕینی شاری سلێمانی، دواتر بۆیان ده‌ركه‌وتوه‌ ئه‌وكه‌سه‌ هونه‌رمه‌ند تاهیری خه‌لیلیه‌، به‌ڕێوه‌به‌ری سه‌نته‌ره‌كه‌ ئەوەشی خستبووەڕوو تائێستا هۆكاری گیانله‌ده‌ستدانه‌كه‌ی نەزانراوە.

سامان نادر باسی لەوەشكردبوو"تیمەکانمان ڕۆیشتون بۆ هەڵگرتنی تەرمی ئەو هونەرمەندەو بردنی بۆ دادپزیشکی سلێمانی، تائێستاش زانیاریمان بەردەست نییەو دواتر هۆکاری گیانله‌ده‌ستدانه‌كه‌ی لەدادپزیشکی ئاشکرادەکرێت".

به‌ڕێوه‌به‌ری سه‌نته‌ری خێرای فریاكەوتنی تەندروستی سلێمانی ئاماژەی بەوەشكردووە " له‌كاتژمێر 12ی ئه‌مڕۆ ئاگاداركراونه‌ته‌وه‌ به‌بونی ته‌رمێك له‌گه‌ڕه‌كی ڕاپه‌ڕین، دوای ئه‌وه‌ی تیمه‌كان گه‌یشتونه‌ته‌ شوێنی ڕوداوه‌كه‌ بۆیان ده‌ركه‌وتوه‌ كه‌ هونه‌رمه‌ند تاهیری خه‌لیلیه‌". بەڵام سەركەوت ئەحمەد وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:"مردنی تاهیری خەلیلی هیچ گومانێك هەڵناگرێت و تەرمەكەی لەماڵەكەی خۆیدا دۆزراوەتەوە".

وتیشی:"ڕاپۆرتی پزیشكی بۆ كراوە و دەركەوتووە مردنەكەی بەهۆی نەخۆشییەوە بووە". هونەرمەند تاهیر خەلیلی ساڵی 1956 لە شاری بۆكان لە رۆژهەڵاتی كوردستان لەدایكبوە، بەرهەمی یەكەمی خۆی لە تەمەنی 15 ساڵیدا بڵاوكردوەتەوە، دوای چەندین گۆرانی و سرود لە رۆژهەڵاتی كوردستان و تاران.

تاهیری خەلیلی زیاتر لە ٥٠ گۆرانی و سروودی نەتەوەیی بڵاو بۆتەوەو بە سروودی لە قەندیلی سەربەرزەوە ناوبانگی دەركرد، بە هۆی پێشمەرگایەتی و وتنی سروودی سیاسی و نەتەوەیی كوردی لە حكومەتی ئەو كاتی ئێران قاچاغ بووە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار