جێگری بەڕێوەبەری پەروەردەی سلێمانی: داوامانكردووە خوێندن دەستپێبكاتەوە بەڵام جارێ نازانین جێبەجێ دەكرێت یاخودنا

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

بەرێوەبەرایەتی پەروەردەی گشتی سلێمانی رایگەیاند، ئاگاداری سەرجەم بەرێوەبەری قوتابخانە و خوێندنگەكانی سنوری پەروەردەی رۆژهەڵات دەكەنەوە بۆ ئەوەی خوێندكارەكانیان ئاگادار بكەنەوە، كە سبەی دوشەممە دەرگاكانی ناوەندەكانی خوێندن دەكرێتەوە، جێگری بەڕێوەبەری پەروەردەی سلێمانیش دەڵێت داوایانكردووە دەوام دەستپێبكاتەوە بەڵام نازانن بەڕێوەبەری قوتابخانەكان جێبەجێی دەكەن یاخودنا.

ئەمڕۆ یەكشەممە، تریفە محەمەد بەڕێوەبەری پەروەردەی ڕۆژهەڵاتی سلێمانی و شەماڵ غەفور سەرپەرشتیاری یەكەمی پەروەردەیی و جەمال مەحمود لێپرسراوی هۆبەی كارگێڕی لەناو دیوان، لەگەڵ بەڕێوەبەری قوتابخانە بنەڕەتیەكانی قۆناغی (١-٦)، كۆبوونەوە. دوای كۆبونەوەكە، بەڕێوەبەری پەروەردەی ڕۆژهەڵاتی سلێمانی بە نووسراوی فەرمی بەڕێوەبەری باخچەكانی منداڵان و سەرجەم قوتابخانەكانی لە دەستپێكردنەوەی دەوام ئاگاداركردەوە لە ڕۆژی دووشەممەدا.

لەوبارەیەوە عومەر محەمەد جێگری بەڕێوەبەری پەروەردەی سلێمانی بەهاوڵاتی وت: وەك لەنوسراوەكەدا هاتووە داوامانكردووە دەوام دەستپێبكاتەوە، بەڵام جارێ نازانین بەڕێوەبەری قوتابخانەكان داواكە جێبەجێ دەكەن یاخود نا.

ئەوەش لە كاتێكدایە، ماوەی زیاتر لە دو مانگە مامۆستایان و وانەبێژان بەهۆی دواكەوتنی موچەكانیان و راگرتنی پلەبەرزكردنەوە و دانەمەزراندنی وانەبێژان لەسەر میلاكی گشتی بایكۆتی دەوام و هۆڵەكانی خوێندنیان كردوە و بڕیارە سبەینێ دووشەممە، مامۆستایانی ناڕازیی لە دژی دواكەوتنی مووچە، ڕاگرتنی پلەبەرزكردنەوە خۆپیشاندان بكەن.

هەفتەی ڕابردووش ئەنجومەنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی بڕیاری دا سبەینێ دووشەممە، دەست بە دەوام بكرێتەوە و داواشی لە مامۆستایان كرد هەمان ڕۆژ ڕوو لە ناوەندەكانی خوێندن بكەن.

دوابەدوای بڕیارەكەی ئەمڕۆی پەروەردەی سلێمانی بۆ ئەوەی سبەینێ‌ دەوام دەستپێبكاتەوە، مامۆستایانی ناڕازی لە بەغداوە گەڕانەوە و بڕیاریاندا سبەینێ‌ بایكۆت و خۆپیشاندان بەردەوام بێت.

ئاوات ئازاد، مامۆستای ناڕازی لە بەغداوە پەیامێكی ڤیدیۆیی بڵاوكردەوە و ڕایگەیاند، ئەمڕۆ لە دادگای فیدڕاڵی بووین بۆ بەرگری کردن لەمافی هەمووان و دانیشتنی یەکەم زۆر بەسەرکەوتوویی بەڕیوەچوو.

ڕاشیگەیاند، سبەینێ دوو شەممە ٢٧/١١/٢٠٢٣ هەموومان لەسەر شەقام ئەبین و خۆپیشاندان و بایکۆت بەردەوامە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار