وەزیری پێشمەرگە: لەبەر چاکەی گشتی و هەبوونی مەترسی جدی گەڕامەوە بۆ وەزارەت
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
شۆرش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە، لەسەر گەڕانەوەی بۆ وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، لەپێناو "چاکە و چاکسازی گشتی" گەڕاوەتەوە بۆ وەزارەتەکە و بەردەوام دەبێت لە کارەکەی.
ئەمڕۆ شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا گەڕانەوەی خۆی بۆ وەزارەتەکە دوای زیاتر لە ساڵێک راگەیاند و وتی، "لەسەر داواکاری کۆمەڵێک خەمخۆر و لە ناوەو و دەرەوەی وڵات لەپێناو چاکەی گشتی و تێیەراندنی ئەم دۆخە ئەمڕۆ کارەکانمان درێژە پیدەدەین."
وەزیری پێشمەرگە هۆکاری دەستبەکاربوونەوەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە "ماوەیەکی زۆر بەهۆی کۆمەڵێک هۆکاری نەخوازراوە دوورکەوتمەوە لە ئەرکەکەم، لەو ماوەیەدا وەزارەتی پێشمەرگە بە دۆخێکی دژواردا تێپەڕیووە لە هەماهەنگی و لەمپەر و گرفت بۆ پرۆسەی چاکسازی و رێکخستنەوەی هێزەکان لەکاتێکدا ناوچەکە بە دۆخی سیاسی و سەربازی دژواردا دەڕوات و مەترسی جیدی لە ئارادان بۆیە ئەم دۆخە مایەی نیگەرانی من و ئەفسەران و دۆستەکانمان بوون لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، بۆیە هەموو لایەک داواکار بوون ئەو دۆخە بۆ هەتا هەتایی کۆتایی بێت."
شۆڕش ئیسماعیل لە بەشێکی تری قسەکانیدا داوای لە هاوپەیمانان کرد کە بەردەوام بن لە هاوکارییەکانیان بۆ رێکخستنەوە و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە چونکە تا ئیستاش هەڕەشی تیرۆر لە ناوچەکەدا هەیە.
