وته‌بێژی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم: هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە وادەی خۆیدا بەڕێوەدەچێت

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

دڵشاد شه‌هاب، وته‌بێژی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، هه‌ڵبژاردن كاتی بۆ دیاریكراوه‌، ده‌شڵێت، "هیچ بیانویه‌ك نییه‌ بۆ ره‌وانه‌نه‌كردنی شایسته‌ داراییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان".

دڵشاد شەهاب وتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێم لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە ماوەی رابردو کۆمەڵێک رێککەوتن لە نێوان هەرێم و بەغدا لە بواری موچە و بودجە و کەرتی نەوت و غازدا کرا، هەر کەسێکیش شارەزایی یاسایی هەبێت باش تێدەگەن کە دۆخی ئێستا هاوتای ئەوە نییە کە رێککەوتنی لەسەر کرابو.

وتیشی، لە ئێستادا گفتوگۆکانی نێوان هەرێم و بەغدا لە ئاستێکی ئەرێنیدایە و لێکتێگەیشتنی باش هەیە، شاندێکی حکومەتی هەرێمیش سەردانی بەغدایان کردوە، بەڵام خەڵکی هەرێم لە وشەی بەرەوپێشچون بێزاربون و هیوادارن بە زوترین کات کێشەی موچەکانیان چارەسەر بکرێت.

ئەوەشی خستەڕو، هەر داتا و زانیارییەک لە بارەی ژمارەی فەرمانبەران و رێژەی موچەکانیان لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە بۆ حکومەتی بەغدا خراوەتەڕو، هیچ بیانوییەکیش نەماوەتەوە، دەرفەتێک هەیە لە ساڵی داهاتو حکومەتی هەرێم پێشنیازێک بۆ پێداچونەوە بە بودجەی عێراق پێشکەش بکات.

باسی لەوەش کرد، دوای درێژكردنەوەی تەمەنی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق كارەكانی كۆمسیۆن زۆر بە باشی بەرێوەدەچێت، هیچ مەترسییەك لەسەر دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان نییە.

 

بڕیارە ٢٥ی شوباتی ساڵی داهاتوو، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە سەرپەرشتی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق و لەژێر چاودێری وردی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا بەڕێوەبچێت.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار