پێشەوا هەورامانی: حکومەتی هەرێم رێگری لە مامۆستایان نەکردووە بۆ بەغدا و ئەگەر وابوایە لە بازگەکانی خۆی دەیکرد

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند حکومەتی هەرێم هیچ هەوڵێکی نەداوە بۆ رێگریکردن لە مامۆستایانی ناڕازی لە چوونیان بۆ بەغدا و ئەوەی دەوترێت "راست نییە"، دەشڵێت، "ئەگەر حکومەتی هەرێم ڕێگری بکردایە لە بازگەکانی خۆیەوە دەیکرد."
رۆژی یەکشەممە 26ی تشرینی دووەمی 2023، کۆمەڵێکی زۆر لە مامۆستایانی ناڕازی بەرێکەوتن بەرەو بەغدا بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندان و داواکردنی مافەکانیان، بەڵام لە بازگەی چیمەن لە نزیک کەرکوک رێگرییان لێکرا و بەرپرسانی بازگەکە نەیانهێشت تێپەڕن. مامۆستایانی ناڕازی هەرزوو رایانگەیاند کە رێگرتنەکە "رێککەوتنی نیوان هەرێم و بەغدا بووە."
دواتر چەند پەرلەمانتارێکی کورد لە عێراق لەوانە موسەنا ئەمین و دارا سێکانیانی رایانگەیاند کە حکومەتی هەرێم داوای لە لایەنی پەیوەندیداری عێراقی کردووە رێگری لە مامۆستایان بکات.
وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەم وتانە رەتدەکاتەوە و بە دەنگی ئەمریکای راگەیاندووە، "ڕاست نییە و هیچ هەوڵێکی وانییە. هیچ هەولێک لە نێوان حکومەتی هەرێم و عێراق نییە بۆ ڕێگری لە مامۆستایان، ئەگەر حکومەتی هەرێم ڕێگری بکردایە لە بازگەکانی خۆیەوە دەیکرد، چ پێویست بوو لە بازگەکانی عێراقەوە بیکات."
پێشەوا هەورامانی باس لەوەش دەکات، هەوڵی ئەوان بۆ گەیشتنە بە رێککەوتن و "ئەگەر هەوڵێک هەبێت بۆ ڕێکەوتنی مووچەیە بۆ مامۆستایان و توێژەکانی تر نەک ڕێگری کردنیان، ئەسڵەن ڕوونە کە هەوڵی مامۆستایان هەوڵی ئێمەشە. ئێمەش هەمان بۆچوونمان هەیە کە ماف و ئیمتیازاتی موچە و حەقی خەڵکی هەرێم لای حکومەتی عێراقە."
