مەسرور بارزانی: بۆ گەشتن بە ئەنجامێکی ئەرێنی شاندی هەرێم گفتوگۆکانی لەگەڵ بەغدا بەردەوامە

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم رایگەیاند شاندی هەرێم لە بەغدا بەردەوامە لە گفتوگۆکانی لەگەڵ حکومەتی عێراق بۆ گەیشتن بە ئەنجامێکی ئەرێنی، دەشڵێت، "بەشێوەیەکی ناگونجاو مامەڵە لەگەڵ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کراوە."
ئەمڕۆ مەسرور بارزانی لەکاتی مەراسیمی کردنەوەی کارگەی ڤان ستیل وتارێکی پێشکەش کرد و لەسەر کێشەکانی حکومەتی هەرێمی و عێراق وتی، "شاندی ئێمە بۆ چارەسەرکردنی کۆمەڵێک لەو کیشانەی هێشتا لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی ماون، لە بەغدان و بۆ ئەوەی بتوانن رێگەچارەی گونجاو بەتایبەتی بۆ بابەتی بودجە و دواکەوتنی مووچەی خەڵکی هەرێمی کوردستان بدۆزنەوە و بگەنە ئەنجامێکی ئەرینی."
سەرۆکی حکومەتی هەرێم وتیشی، "دوێنێ شاندەکە گفتوگۆی باشیان هەبووە و ئەمڕۆش درێژەی ئەم گفتوگۆیانە دەبێت، بەداخەوە بەشێوەیەکی ناگونجاو مامەڵە لەگەڵ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کراوە و پێویستە ئەمە چارەسەر بکرێت."
