قوباد تاڵەبانی: ناکرێت کێشەی مووچە لە ساڵی داهاتووشدا بەردەوام بێت

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم، رایگەیاند کاری لە پێشیننەی حکومەتی هەرێم چارەسەرکردنی پرسی مووچەیە و ناکرێت ساڵی داهاتووش ئەو کێشەیە بەردەوام بێت، دەشڵێت، "کەشێکی ئەرێنی هاتووەتە ئاراوە بۆ چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆییەکان و هەنگاوی باش نراون."
ئەمڕۆ پێنجشەمە، 30ی تشرینی دووەمی 2023 قوباد تاڵەبانی لە هەولێر لەگەڵ ستیڤن چارڵس هیچن، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق کۆبوویەوە و گفتوگۆیان سەبارەت بە کێشەکانی هەرێم و بەغدا، کێشە ناوخۆییەکانی هەرێم و هەروەها دۆخی سیاسی و ئەمنی عێراق کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی باسی لە کێشەکانی هەولێر و بەغدا کرد سەبارەت بە پرسی مووچە و پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجە و وتی، "لەم قۆناغەدا ئەولەوییەتی یەکەمی حکومەت و هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان چارەسەرکردنی خێرای کێشەی بودجە و موچەی موچەخۆرانە و ناکرێت ئەم کێشەیە لە ساڵی داهاتووشدا بەردەام بێت."
هاوکات جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم داوای کرد "وڵاتانی دۆست و هاوپەیمان یارمەتیدەربن لە چارەسەرکردنی ئەم کێشەیەدا."
لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی باسی دۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستانی کرد و رایگەیاند، هەنگاوی باش نراون بە ئاراستەی "یەکگرتوویی و یەکڕیزی" لایەنە کوردستانییەکان و کەشێکی ئەرێنی هاتووەتە ئاراوە بۆ چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆییەکان و بەردەوامبوونی ئەو کەشە "بەشێکی بەرچاوی کێشەکان چارەسەر" دەکات و پێگەی هەرێمی کوردستان لە عێراقدا "بەهێزتر" دەبێت.
