وەزارەتی كارەبا كوژاندنەوەی گشتی كارەبا لەهەرێم بۆ گرفتی تەكنیكی دەگەڕێنێتەوە

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرایكرد بەهۆی گرفتێكی تەكنیكییەوە، كوژانەوەی گشتی لە سیستەمی كارەبای هەرێم روویدا و تیمەكانی وەزارەتی كارەبا سەرقاڵی چارەسەركردنی كێشەكە و گەڕانەوەی كارەبای گشتین و بەم زووانە كێشەی كوژانەوەی گشتی چارەسەر دەكرێت.
وەزارەتی كارەبا لەڕاگەیەندراوێكدا نوسیویەتی: ئێوارەی رۆژی پێنجشەم، بەهۆی گرفتێكی تەكنیكییەوە، تەواوی یەكەكانی بەرهەمهێنانی كارەبای هەرێم كوژانەوە و تیمەكانی وەزارەتی كارەبا دەمودەست كێشەكەیان چارەسەر كرد. بەڵام كاتژمێر (1:00)ی شەو بۆ جاری دووەم كوژانەوەی گشتی ڕوویدا و، ئێستا تیمەكانی كارەبای هەرێم سەرقاڵی ئاساییكردنەوەی دۆخی سیستەمی كارەبای هەرێمی كوردستانن و بەم نزیكانە چارەسەر دەكرێت.
پێشتر ئەندازیار غالب محەمەد، بەڕێوەبەری كۆنترۆڵ و گەیاندنی كارەبای سلێمانی ئاشكرایكرد: كاتژمێر 4:00ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی بە هۆكارێكی نادیار كوژانەوەی گشتی (blackout) لە  تۆڕی كارەبای هەرێمی كوردستان رویداوە.
وتیشی: تا ئێستا هۆكاری ئەم كوژراندنەوە گشتییەی كارەبا دیار نییە و  لە شاری سلێمانی لەوكاتەدا لە هیچ شوێنێك كارەبا نەبووە.
لەگەڵ هاتنی وەرزی سەرما لە هەرێمی كوردستان، كاتژمێرەكانی پێدانی كارەبای گشتی بەشێوەیەكی بەرچاو كەم بوەتەوە بە جۆرێك لە شاری هەولێر لە 24 كاتژمێردا تەنها چوار كاتژمێر كارەبای نیشتیمانی بە هاوڵاتییان دەدرێت و لەسلێمانیش حەوت كاتژمێر و لەدهۆك هەشت كاتژمێر.

هاوكات پێشتر هاوڵاتی لەڕاپۆرتێكدا بڵاویكردەوە: بەهۆی کەمبوونەوەی کاتژمێرەکانی کارەبای نیشتیمانییەوە  کاتژمێری کارکردنی موەلیدەکان زیادیان کردووە، قارەمان مەولوود، سەرۆکی لیژنەی بەدواداچوونی موەلیدە ئەهلییەکانی هەولێر لەلێدوانێکدا بەهاوڵاتی وت: چەند خشتەیەک لەسەر داواکاری هاووڵاتیان دانراوە بەشێکی ٢٤ کاتژمێرییەو داواکراوە هەرکاتێک کارەبای نیشتیمانی ببڕێت موەلیدەکان بخرێنە کارو نرخ کێشە نییە، ئەوانە رۆژانە زیاتر لە ١٦ کاتژمێر کارەبای موەلیدەیان پێدەدرێت.

وتیشی: بەشێکی تر هەیە لەکاتژمێر ٦:٣٠ تا ٨:٣٠ی بەیانی کارەبا هەیە، کاتژمێر سێ تا چواری عەسر پشوویەک بەموەلیدەکان دەدرێن، لەکاتژمێر چوارەوە تایەکی شەو کارەبای موەلیدە دەدرێتە هاووڵاتیان، ئەمانیش رۆژانە زیاتر لە ١٢ کاژمێر کارەبایان پێدەدرێت.

کاتژمێرەکانی کارەبای موەلیدە لەهەولێر زیاترە بەراورد بەسلێمانی، بۆ نموونە مانگی رابردوو لەشاری سلێمانی ١٦٠ کاتژمێر موەلیدەکان کاریان کردبوو، بەڵام لەهەولێر ٣٠٠ کاتژمێر کارەبای موەلیدە هەبووە. قارەمان مەولوود وای وت.

تاریق سەمین، سەرۆكی كۆمەڵەی موەلیدە ئەهلییەكانی سلێمانی لەلێدوانێکدا بەهاوڵاتی وت: ئێمە خشتەی کارکردنی کارەبای موەلیدە ئەهلییەکانمان هەیە، ئەویش لەکاتژمێر ٦:٣٠ بۆ هەشتی بەیانی، هەروەها کاتژمێر ١٢ی نیوەڕۆ بۆ یەکی شەو.

وتیشی: ناتوانین بڵێین ئەوەندە کاتژمێر کارەبای موەلیدە دراوەتە هاووڵاتیان،  لەبەرئەوەی هەرکاتێک کارەبای نیشتیمانی ببڕێت کارەبای موەلیدە بەهاووڵاتیان دەدرێت و کاتژمێرەکانی کارەبای نیشتیمانی جێگیر نییە.

سەبارەت بەمانگی رابردوو، تاریق سەمین وتی: مانگی تشرینی یەکەم لەشاری سلێمانیدا ١٦٠ کاتژمێر کارەبای موەلیدە بەهاووڵاتیان دراوەو نرخی ئەمپێرێک کارەبای موەلیدەش لەنێوان شەش بۆ حەوت هەزار دینار بووە، بەڵام بەهۆی زیادکردنی کاتژمێرەکانی کارەبای موەلیدەوە بۆ مانگی تشرینی دووەم نرخەکە زیاد دەکات.

پاش ٣٢ ساڵ لەحوکمڕانی کوردی هێشتا نەتوانراوە كارەبای ٢٤ كاتژمێری دابینبکرێت  بۆ هاووڵاتیان ، لەكاتێكدا سیستەمی پێوەری زیرەک و پریپەید خراونەتە کار.

عەلی حەمە ساڵح، پەلەمانتاری پێشووی پەرلەمانی کوردستان،  لەنووسینێکدا لەتۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک باس لەوەدەکات کەدانیشتوانی سلێمانی و گەرمیان و هەڵەبجەو راپەڕین نزیکەی ٤٢٪ ی دانیشتوانی هەرێمی کوردستانن، بەڵام ٣٣.٥٪ ی کارەبایان پێدەدرێت، شاری هەولێر٤٢.٥٪ی پێدەدرێت و شاری دهۆکیش ٢٤٪.

پێشتر ئومێد ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی كارەبای هەرێمی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: هێشتا زووە بۆ وەزری زستان و مانگێكمان لەبەردەستدایە بۆ ئەوەی بزانین كەئیمكانیەتمان چەندە بۆ پێدانی كارەبا تا بیدەینە هاوبەشەكانمان، بۆیە ناشزانین خواستی كارەبا بۆ وەرزی زستان چۆن دەبێت».

وتیشی:» بەرهەممان دیار نییەو چاوەڕێی سووتەمەنی و پارەین، چونكە لەئێستادا بارودۆخێكی دارایی خراپ هەیە، وەزارەتی كارەبا لەئێستادا لەسەر خەتە لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەكان و لایەنە پەیوەندیدارەكان بۆ ئەوەی بارودۆخی سووتەمەنی باشتربێت، هەروەها دیار نییە كەئێمە بودجەمان دەبێت یان نا، بۆیە نامانەوێت زانیاری هەڵە بدەین».

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار