لە رۆژی ڕوبەڕوونەوەی نەخۆشی ئایدزدا وەزارەتی تەندروستی هیچ چالاکیەک و ئاماریکی بڵاو نەکردەوە
پسپۆڕێکی ڤایرۆسناسیش دەڵێت، کۆمەڵگە بەرەو کرانەوە دەچێت پێویستە هەڵمەتەکانی هۆشیارکردنەوە فراوانبکرێن

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
وەزارەتی تەندروستی لە رۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشی ئایدز هیچ ئامارێک، هۆشداریەکی بڵاونەکردەوە و هیچ چالاکیەکی پەیوەست بە ئایدزئەنجام نەدا.
ئەمرۆ ١ی کانووی یەکەم لەلایەن ڕێکخراوی تەندروستی جیهانیەوە تایبەت کراوە بە بڵاوکردنەوەی هۆشیاری وبەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی ئێج ئای ڤی، بەپێی دواین ئامار کە وەزارەتی تەندروست هەرێم لەساڵی ٢٠٢٢ بڵاویکردبۆیەوە لە هەرێمی کوردستان ٥٤ حاڵەتی توشبوون بە نەخۆشی ئایدز تۆمارکراون، کە چل لەوانە بیانی بوون.
هاوڵاتی بۆ وەرگرتنی ئامارەکانی توشبوانی ئایدز و ڕێنمایی و کار وچالاکیەکانی وەزارەتی تەندروستی لەبارەی ڤایرۆسی " ئێچ ئای ڤی" ونەخۆشی ئایدز، پەیوەندی کرد بە وەزارەتی تەندروستی بەڵام بێ ئەنجام بوو.
پڕۆفیسۆر محەمەد بابەکر، پسپۆڕی وردی ڤایرۆسزانی وپزیشکی مایکرۆبایلۆجی و بەرگری لە بارەی پەرەدان بە هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگا، بەتایبەت چینی گەنجان و هەرزەکارانەوە وتی" ئەم هەوڵە پێویستی بە هاوکاری هەموو لایەنەکانە هەر لە پەروەردەوە تاوەکو مامۆستاینی ئاینی و وەزارەتی تەندروستی و میدیاکارانیش".
دکتۆر محەمەد بابەکر باسیشی لەوەکرد کە هەوڵیان داوە سیمینار و کۆڕی تایبەت بکرێتەوە بۆ مامۆستایانی ئاینی تاوەکو زانستیانە ڤایرۆسەکەیان بۆ باسبکرێت تاوەکو لەڕێگەی مینبەرەکانەوە کۆمەڵگە هۆشیار بکەنەوە.
هاوکات باسیشی لەوە کرد میدیاکاران کەمتەرخەمن لەبەرامبەر ڤایرۆسێکی وەک "ئێچ ئای ڤی" لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا هیچ یەک لە میدیاکان بە هەواڵێکیش باسیان لێوەنەکرد، لەکاتێکدا کۆمەڵگە بەرەوکرانەوە دەچێت.
نەخۆشی ئایدز کە هۆکارەکەی جۆرەکانی ڤایرۆسی ئێچ ئای ڤی"یە و هێرش دەکاتە سەر سیستەمی بەرگری لەش و لاوازی دەکات، ئەمەش لەڕێگەی گواستنەوە و تێکەوڵاوبوونی جۆرە جیاوازەکانی شلەی لەش دەگوازرێتەوە وەک، شیرپێدانی دایک بۆ کۆرپەکەی، تێکەڵاوبوونی سپێرم، لیک، خوێن لەرێگەی سێکسکردن یان بەکارهێنانی دەرزی، ئامێرەکانی پاکردنەوەی پزیشکی ددان.
ڤایرۆسەکە تاوەکو ئێستا چارەسەری تەواوەتی بۆ نەدۆزراوەتەوە، بەڵام لەڕێگەی چەندین جۆری جیاوازی دژە ڤایرۆس دەتواندرێت بەرەوپێشچوونی نەخۆشیەکە هێواشبکرێتەوە وتەمەنی کەسەکان درێژبکرێتەوە.
