داهاتی مانگی رابردوی نەوتی عێراق زیاتر لە هەشت ملیار دۆلار بووە
.jpg)
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
وەزارەتی نەوتی عێراق داهاتی مانگی رابردوی فرۆشتنی نەوت و هەناردەکردنی بڵاوکردەوە، کە کۆی هەناردەکردن و داهاتی بەدەست هاتووی نەوت بۆ ئەو مانگە 8 ملیار و 512 ملیۆن دۆلار بووە.
وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، بە گوێرەی ئاماری سەرەتایی کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوتی عێراقی "سومۆ" لە ماوەی مانگی (تشرینی دوەم/11) 102 ملیۆن و 975 هەزار بەرمیل نەوت فرۆشراوە.
ئاماژە بەوەکراوە، کۆی هەناردەکراوی نەوتی خاو بۆ مانگی رابردو لە کێڵگە نەوتییەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق 101 ملیۆن و 764 هەزار و 620 بەرمیل بووە، هەروەها بڕی نەوتی هەناردەکراو بۆ ئوردن گەیشتوەتە 172 هەزار و 383 بەرمیل، جگە لەوەش هەناردەی گەیارە ملیۆنێک و 38 هەزار و 779 بەرمیل بووە.
لە راگەیەنراوی وەزارەتی نەوتی عێراق باس لەوەشکراوە، رێژەی هەناردەی نەوتی رۆژانە سێ ملیۆن و 433 هەزار بوە، نرخی هەر بەرمیلە نەوتێکیش 82.66 دۆلار بوە.
