زانیاری نوێ لەسەر دوورخستنەوەی مەسعود حەیدەر لە پۆستی بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق
.jpeg)
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند دوورخستنەوەی مەسعود حەیدەر لە پۆستی بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق پەیوەندی بە ماددەیەکە لە یاسای بودجەی عێراق، مەسعود حەیدەر خۆشی لەسەر دوورخستنەوەکەی دەڵێت، "پرسیار لە وەزیری دارایی عیراق بکەن."
دوێنێ هەیینی 1ی کانونی یەکەمی 2023، تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق بە فەرمانێکی وزاری سەرجەم دەسەڵاتەکانی لە مەسعود حەیدەر، جێگری وەزیری دارایی لە پشکی پارتی سەندەوە. ئەم فەرمانەی وەزیری دارایی وەک لە نوسراوەکەدا هاتووە بە پێی ماددەی 71 لە یاسای ژمارە 12ی ساڵی 2023ی بودجەی گشتی و بەرژەوەندی کارەکان دەرکراوە.
لەسەر دوورخستنەوەی مەسعود حەیدەر، نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراق بە دەنگی ئەمریکای راگەیاندووە، "پێم وانییە هیچ هۆکاريک هەبێت جگە لەوەی ئەو بە وەکالەت لەو پۆستە بوو، بڕیارەکە، بڕیاری جێبەجێکردنی یاسای بودجەیە."
نەرمین مەعروف لەسەر ئەو ماددەیە دەڵیت، "بەپێی مادەی 71ی یاسای بودجە پێویستە هەموو پۆستە باڵاکان کە بە وەکالەت ئەبران بەڕێوە تا کۆتا ڕۆژی مانگی یازدە کۆتاییان پێبێت."
لە ماددەی 71 لە یاسای بودجەی عێرادا هاتووە کە "حکومەت پابەندە بە کۆتاییهێنان بە سەرجەم ئەو دەسەڵاتانەی بە وەکالەت بەڕێوە دەبرێن تا رێکەوتی 30/11/2023 و دەبێت فەرمانگە پەیوەندییدارەکان، هەموو ئەو دەرماڵە و دەسەڵاتانە رابگرن."
هاوکات مەسعود حەیدەر لەسەر هۆکاری دوورخستنەوەی هیچ قسەیەکی نەکردووە و تەنها دەڵێت، "پرسیار لە وەزیری دارایی بکەن سەبارەت بە بڕیارەکە."
