سبەینێ مامۆستایانی ناڕازیی دەست دەكەنەوە بەخۆپیشاندان

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ئەنجوومەنی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایانگەیاند، سبەینێ خۆپیشاندانی بەرفراوانی ساڵ ئەنجام دەدەن و داواش لە هەموو چین و توێژەکان دەکەن، لەگەڵیان بەشدار بن و کاسبکاران دووکانەکانیان دابخەن.
ئەمڕۆ لەبەردەم پەروەردەی ڕۆژئاوای سلێمانی، ئەنجوومەنی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییان لە بارەی بەردەوامیدان بە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی لە بەرامبەر پێنەدانی شایستە دارایییەکانیان ئەنجامدا.
لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکەدا، ڕاگەیەندراوی ئەنجوومەنی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی، لە لایەن سامان تاهیر خوێنرایەوە و تێیدا هاتبوو: وەک مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی لە پارێزگای سلێمانی، بڕیارمان داوە بە هاوکاریی هاوڕێیانمان لە پارێزگای هەڵەبجە و ئیدارەی ڕاپەڕین، سبەینێ خۆپیشاندانی بەرفراوانی ساڵ ئەنجام بدەین.
ئەنجوومەنی مامۆستایانی ناڕازی لە ڕاگەیەنراوەکەیان داوایان لە مامۆستایانی ئایینی، دایک و باوکی خوێندکاران، ڕۆشنبیران و هەموو چین و توێژەکان کرد، سبەینێ لەگەڵیان بەشدار بن و بچنە ڕیزی خۆپیشاندانەکانیانەوە، پاشان داوایان لە کاسبکار و دووکاندارەکان کرد بۆ چەند کاتژمێرێک دووکان و بازاڕەکانیان دابخەن.
لە کۆتایی ڕاگەیاندراوەکەشدا هاتبوو: قەیرانەکانی ئەمڕۆ بەرهەمی بێ دەنگی دوێنێ یە، بێ دەنگی زیاتر قەیرانی زیاتر و بێ مووچەیی و بێ کارەبا و ئاو و بازاڕیی زیاتر دەهێنێت.
بڕیارە سبەینێ هاوشێوەی شار و شارۆچکەکانی دیکەی سنووری پارێزگای سلێمانی و شارۆچکەی کۆیە، لەبەردەم پەروەردەی گشتی ڕۆژئاوای سلێمانی، لە کاتژمێر ١٠ـی بەیانی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی مامۆستا و فەرمانبەرانی ناڕازیی بەڕێوە دەچێت.
خۆپیشاندان و بایكۆتی مامۆستایان لەناوەندەكانی خوێندن لە کاتێکدایە، دەبوو لە ١٣ـی مانگی ئەیلوول، پرۆسەی خوێندن لە تەواوی هەرێمی کوردستان دەستی پێ بکردایە، بەڵام وەك مامۆستایانی ناڕازیی دەڵێن بەهۆی پێ نەدانی شایستە دارایییەکانی مامۆستا و فەرمانبەران و دانەمەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ، تا ئێستا خوێندن دەستی پێ نەکردووەتەوە.
