هۆکاری برینی کارەبای کاسۆمۆڵ ئاشکرادەکرێت
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
کارەبای سلێمانی رایدەگەیەنێت: بڕانی کارەبای دوكانەكانی کاسۆ مۆڵ، پەیوەندی بە پێوەری کارەباکانیان و ئەو قەرزانەی لەسەریان كەڵەكە بوە و رادەستیان نەکردوە هەیە، هەر کاتێک چارەسەرکرا کارەباکانیان پێدەدرێتەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، بەشێک لە کاسبکارانی کاسۆمۆڵ لەناو بازاڕی شاری سلێمانی دوای ئەوەی کارەبای مۆڵەکەیان لەسەر کوژێندرایەوە لەبەردەم مۆڵەکەدا گردبوونەوە و رایانگەیاند، سەباری ئەوەی کێشەکانیان بۆ چارەسەر نەکراوە، کارەبایان لێ کوژێندراوەتەوە.
ئاماژەیان بەوەش کرد، لە رابردوودا ئەو کێشەیەیان نەبووە بەڵام لە ئێستاشدا مۆلیدەکانیان بە پاساوی ژینگە لەلایەن شارەوانی سلێمانییەوە لەسەر کوژێندراوەتەوە و ناهێڵن بەکاریبهێنن. دەشڵێن، "رۆژانە دەبێت ٥٠ هەزار دینار بدەین بە کرێ و ٢٠ بۆ ٤٠ هەزار دیناریش بدەین بە کارەبای پریپەید".
ئەوەشیان خستە روو،داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەن ئەو گرفتەیان بۆ چارەسەر بکەن ئەگەر بەوشێوەیە بڕوات ئەوا ناتوانن کارەکانیان ئەنجامبدەن و دەبێت مۆڵەکە دابخەن.
کارەبای سلێمانیش لەم بارەیەوە دەڵێت، بەشێك لە كێشەی بڕانی كارەبای دوكانەكانی بازاڕی كاسۆ مۆڵ پەیوەندی بە پێوەری كارەبای ژمارەیەك دوكان و بەشێكی دیكەشی پەیوەندی بەبڕی ئەو قەرزە كەڵەكەبوەی ژمارەیەك لە دوكاندارەكانەوە هەیە كەتا ئێستا رادەستیان نەكردوە.
سەبارەت بە گەڕاندنەوەی كارەبا بۆ بازاڕەکەش باسی لەوەکردووە، هەر کاتێک دوکاندارەکان بۆ دانەوەی قەرزەكانی سەریان سەردانی بەڕیوەبەرایەتی كارەبای سلێمانیان كرد، راستەوخۆ کارەبایان پێدەدرێتەوە.
ئەوەش لە کاتێکدایە، لە رۆژی ١٥ـی حوزەیرانی ساڵی رابردوەوە کارەبای ئەو مۆڵەکراوەتە پریپەید و لەو ماوەیەشدا بەهۆی نەدانی قەرزەکانیانەوە چەندین کاسبکار کارەبای دوکانەکانیان لێ کوژێندراوەتەوە.
