پێشمەرگەیەکی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران کوژرا
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ئێوارەی ئەمڕۆ لە گوندی زڕگوێزی سەر بە پارێزگای سلێمانی پێشمەرگەیەکی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران کوژرا.
ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە 16ی ئازاری 2024 پێشمەرگەیەکی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران بە ناوی شوعەیب زارعی، ئەندامی کۆمیسیۆنی ئەمنییەتی ئەو حزبە لە گوندی زڕگوێزی سەر بە پارێزگای سلێمانی کوژرا.
سەرچاوەیەک لە ناو کۆمەڵە بە هاوڵاتی راگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ شوعەیب زارعی کە خەڵکی شاری جوانڕۆیە و چەندین ساڵە پێشمەرگەی کۆمەڵەیە و ئەندامی کۆمیسیۆنی ئەمنییەتی ئەو حزبە بووە، تەقەی لێکراوە و کوژراوە، دوای رووداوەکە بکوژەکە بەناوی (سەرکەوت ئەحمەدی) هەڵهات، بەڵام دواتر لە قەزای پێنجوێن دەستگیرکرا.
بکوژ پێشتر خۆشی پێشمەرگە بووە، بەڵام ماوەی چوار بۆ پێنج مانگێک دەبێت دوورخراوەتەوە و بۆی نەبووە سەردانی بنکەکانی کۆمەڵە بکات، ئێوارەی ئەمڕۆ لە بەرزاییەکانی پشت ئۆردوگای کۆمەڵە، تەقەی لەم پێشمەرگەیە کردووە کە هاوڕێی نزیکیشی بووە و کوشتوویەتی و دوای رووداوەکە یەکسەر هەڵهاتووە و نازانارێت بەرەوکوێ چووە.

